دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا؛ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نایاساییە

30-05-2023 05:01

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆدا بڕیاریدا بە نادەستوریی بوونی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

سەرۆکی دادگای فیدراڵی دوای دانیشتنەکە بڕیاری دادگای خوێندەوەو ڕایگەیاند "ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە لەو ماوەیەوە بە پووچەڵ ھەژمار دەکرێت" مەبەستی دوای ٦-١١-٢٠٢٢ کە تەمەنی یاسایی پەرلەمان لەو ڕۆژەوە کۆتایی ھات.

بەپێی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی کە پابەندکەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان، کۆی ئەو بڕیارو یاسایانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لەو پەرلەمانەوە دەرچوون بە پووچەڵکراوە ھەژمار دەکرێن، گرنگترینیان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنە کە پارتی و پێکھاتەکان و چەند لایەنێک کردیان و یەکێتی و حیزبەکانی دیکە دانی پێدا نانێن.

دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیی عێراق نۆیەم دانیشتن بوو لەبارەی سکاڵاکان لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.

لە بەرانبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆكیفراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكیفراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان و یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، تۆمار كراون. دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەر چوار سكاڵاكەی كردووە بە یەك.

سكاڵاكاران درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمان خۆیەوە، بە نایاساییە و پێچەوانەی دەستوور لەقەڵەم داو داوایهەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ی تایبەت بە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیان کرد، كە لە ڕۆژی٩-١٠-٢٠٢٢ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا.

ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوەی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.