پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی چوار پەرلەمانتار كۆدەبێتەوە

06-05-2020 06:55

پەرەگراف

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی بڵاوكردەوە كە خاڵی یەكەمی دەنگدانە لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی چوار پەرلەمانتار.

بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی سبەینێ لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە واژۆ نەكراوەو تەنها جێگری سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمان واژۆیان كردووە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ 7 فراكسیۆنی پەرلەمان داوایان كرد هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران نەخرێتە بەرنامەی كارەوە.

هەریەكە لە؛ ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، شیرین ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان‌و سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی ئەو چوار پەرلەمانتارەن كە سبەینێ هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەریان دەخرێتە دەنگدانەوە.

بەرنامەی كاری دانیشتنەكە كە پەرلەمان بڵاوی كردووەتەوە

بەپێی حوكمی ماددەی (5) و بڕگەكانی (یەكەم و دووەم) لە ماددەی (16) و بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (18) و بڕگەكانی (یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم) لە ماددەی (20) ماددەكانی و ماددەكانی (47، 48، 52، 54، 55، 56، 57) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عیراق، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كاتژمێر (1)ی دوای نیوەرۆی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 7/5/2020 بەم شێوەیە بێت.

یەكەم: خستنەڕوو و دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی خوارەوە بەپێی حوكمی ماددەی (24) لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:

1ـ ئومێد عبدالرحمن حسن
لەسەر داوای سەرۆكایەتی‌ دادگای (تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان/ دادگای لێكۆلینەوەی كەلار) بەنووسراوی ژمارە (1298)ی ‌رێكەوتی (28/8/2019).

2ـ علی حمە صالح
لەسەر داوای سەرۆكایەتی‌ دادگای (تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/ دادگای لێكۆلینەوەی سلێمانی/2و4) بەنووسراوەكانی ژماره ‌(1733) لە 24/9/2019 و ژمارە (3067)ی ‌رێكەوتی (17/12/2018)، و نووسراوی سەرۆكایەتی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر ژمارە (263) لە 16/1/2019.

3ـ شیرین أمین عبدالعزیز
نووسراوی سەرۆكایەتی‌ ‌دادگای (تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/ دادگای لێكۆلینەوەی سلێمانی/6) ژمارە (2089) لە 19/11/2019.

4ـ سۆران عمر سەعید
لەسەر داوای سەرۆكایەتی دادگای (تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/ دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1‌) بەنووسراوەكانی ژمارە (4194) لە 6/11/2019، ژمارە (216) لە 26/1/2020، وە نووسراوی ئەنجومەنی دادوەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكان و كاروباری یاسایی ژمارە (1375) لە 3/7/2019، وە نووسراوی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر / دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر ژمارە (2403)ی ‌رێكەوتی (6/4/2020).

دووەم: خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە بڕیاری (پێشكەش كردنی پێشنیازە یاسا و پێشنیازە بڕیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان، بەدەر لە حوكمی ماددەی (82)ی پەیڕەوی ناوخۆ)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (87، 88، 89، 92) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.