جووتیار عادل: داوامان كردووە مووچەی فەرمانبەران هەمووی بەسەر یەكەوە بگەڕێنرێتەوە

31-05-2023 02:37

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند ڕایدەگەیەنێت "سوودانی لەگەڵ ئەوەیە ڕێككەوتنەكە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت". پاشەكەوتی مووچەیش دەخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراق و دەڵێت "داوامان كردووە مووچەی فەرمانبەران هەمووی بەسەر یەكەوە بگەڕێنرێتەوە، نەك بە ڕێژە و قیستی ساڵانە".

گۆڕانكاری لە ماددەكانی پرۆژەیاسای بوودجە پەیوەست بە پشكی هەرێم لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە، كە پێشتر حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند لەبارەیانەوە ڕێككەوتوون، نیگەرانیی لای حكومەتی هەرێم دروست كردووە، لەناویشیاندا زیادكردنی بڕگەیەك بۆ دانەوەی پاشەكەوتی مووچە كە حكومەتی هەرێم بەبێ‌ تەرخانكردنی پارە بۆی، ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ڕایگەیاند "نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، پشتیوانیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەن".

هەروەها دەڵێت "سوودانی لەگەڵ ئەوەیە ڕێككەوتنەكە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت و خواستێكی بەهێزی بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە هەیە".

دەربارەی پاشەكەوتی مووچە، جووتیار عادل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "ئێمە زووتر داوامان كردووە مووچەی فەرمانبەران هەمووی بەسەر یەكەوە بگەڕێنرێتەوە، نەك بە ڕێژە و قیستی ساڵانە. داوای قەرەبووی قوربانیانی جینۆساید و ئەنفالكراوانیشمان كردووە كە ڕژێمی پێشوو بەو تاوانانە هەستاوە".

لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە "ئامانجمان ئەوەیە لە كاتی خۆیدا بكرێت". داوایش لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكات "پاڵپشتیی سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا".