دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار كرا

31-05-2023 03:57

پەرەگراف

دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار كرا. كەسەكە تەمەنی ١٩ ساڵە و پیشەی قەساب بووە، دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانە لەژێر چارەسەردا بووە.

سامان سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو كەسە بەپێی ئەنجامی پشكنینەكان لە تاقیگەی هەولێر، تووشبووی تای خوێنبەربوون بووە، بۆ دڵنیایی زیاتر پشكنینەكەی ڕەوانەی بەغداد كراوە و هێشتا ئەنجامی بەغداد دەرنەچووە، بەڵام دوای دوو ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر وتیشی "لە ئێستادا هیچ حاڵەتێكی دیكەی تووشبوون بەو پەتایە تۆمار نەكراوە". داواشی لەو كەسانە كرد كە نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان هەیە، سەردانی بنكەكانی تەندروستی بكەن بە مەبەستی پشكنین.

پێشتریش حاڵەتێکى دیکەى گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکە لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران تۆمار کرا.

تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هاوینی ڕابردووش ئەو پەتایە لە عێراق و كوردستان بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەست دا.

پزیشكانی پسپۆڕ دەڵێن، مردن بەو پەتایە دەگاتە لەسەدا ٤٠ی ڕێژەی تووشبووان. نیشانەكانی تای خوێنبەربوونیش ئەوەیە؛ نەخۆشەكە تووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.

وەزارەتی كشتوكاڵی ھەرێم، ٢٠ی ئەم مانگە گرتنەبەری شەش ڕێكاری "بەپەلە و گرنگ"ی ڕاگەیاند بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

وەزارەتی كشتوكاڵ، داوای كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵی بە شێوەی نافەرمی كرد، هەروەها داوای كرد ئاژەڵ لە سەربڕخانە فەرمییەكان سەر ببڕدرێن و بە پشكنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بخرێنە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگا و لاكۆڵانەكان قەدەغە بكرێت.

لە ڕێكارەكانی دیكەی ڕێگریی لە تەشەنەسەندنی پەتاكە، ئەوەیە پشكنین بۆ ئاژەڵ بكرێت پێش سەربڕین و دوای سەربڕین، هەروەها پێویستە ڕێكارە تەندروستییەكان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و كەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەكاندا ڕەچاو بكرێن.

هاوكات لەسەرئاستی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كشتوكاڵ ڕێكاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینكردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ دەستپێكردنی هەڵمەت بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەكی كە بە هۆكاری سەرەكیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دادەنرێت لە نێوان ئاژەڵاندا.

بەدەر لەو ڕێكارانەش، وەزارەتی كشتوكاڵ هانی هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشان دەدات خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن.