دەمیرتاش وازهێنانی لە چالاكیی سیاسی ڕاگەیاند

31-05-2023 04:44

پەرەگراف

سەلاحەدین دەمیرتاش وازهێنانی لە "چالاكیی سیاسی" ڕاگەیاند و دەڵێت "نەمانتوانی سیاسەتێك بكەین كە شایستە بە گەلەكەمان بێت".

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، گفتوگۆیەكی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاڕتی گەرچەكی توركی ئەنجام داوە كە سبەینی بڵاو دەبێتەوە و دوو پەرەگرافی لە تویتەری خۆیدا بڵاو كردووەتەوە. تێیدا دەڵێت "سوپاسی هەموو ئەو ڕەخنە بونیادنەرنە دەكەم كە ئاراستەم كراون، هەوڵ دەدەم سوودیان لێ وەربگرم. وەكوو هەموو هاوڕێكانم لە زیندان كە بەردەوامم لە خەبات، لەم قۆناغەدا واز لە چالاكیی سیاسی دەهێنم".

هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە هەشت ساڵە لە زینداندایە، دەشڵێت "من بە ناوی خۆمەوە، لەبەر ئەوەی نەمانتوانی سیاسەتێك بكەین كە شایستە بە گەلەكەمان بێت، لە ناخەوە داوای لێبووردن دەكەم، بەڵێن دەدەم، بە هەوڵە كردارییەكانم ئەم كەموكووڕییە پڕ بكەمەوە".

دەمیرتاش لە كۆتاییشدا دەڵێت "سڵاوی هەڤاڵانەم بۆ هەمووتان دەنێرم، بەهیوای دیدار لە ڕۆژانی ئازادیدا".

ئەم هەڵوێستەى دەمیرتاش لە کاتێکدایە کە دوێنێ لە تویتێكدا وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و وتی "من لە نەوەی فەرماندەی گەورەی كورد سەلاحەدین ئەیوبیی فەتحكەری قودسم، كە بە ناوی ئەوەوە ناوم لێ نراوە. بەڵێن دەدەم وەكوو سەڵاحەدین كە ڕۆژی خۆی هات، دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەمووتان بكەم".

هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە جەختی كردەوە كە "٢٠ ساڵی دیكەش لە زینداندا بم، سەرتان بۆ نەوی ناكەم".