كۆمیسیۆنی عێراق: ناتوانین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكەوە ئەنجام بدەین

31-05-2023 10:18
كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند "ناتوانین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكەوە ئەنجام بدەین".

ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و كارمەندانی هونەریی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان كۆبووەوە، گفتوگۆ دەربارەی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كراوە، هاوكات باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەرگیراوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاندووە "لە ڕووی هونەرییەوە ناتوانین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكەوە ئەنجام بدەین".

لە سەروبەندی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دادوەرێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە‌، ڕایگەیاند كە كۆمیسیۆنەكەیان لەتوانایدایە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەڕێوە ببات.

دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی دوێنێیدا بڕیاری دا بە نادەستوورییبوونی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و ڕایگەیاند "ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە (لە ماوەی درێژكردنەوەی تەمەنیدا) بە پووچەڵ ھەژمار دەكرێت".

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكوو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری كردووە، كە ئەم هەڵبژاردنە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

هەروەها پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، ڕۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە، بەو شێوەیەش وادەی ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنەكە دەكەوێتە مانگی 11ی ئەمساڵ.