لە دهۆک لە کۆی ٤ هەزار مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زیادەڕۆ تەنها ٤٠٩یان تاپۆ کراون

01-06-2023 01:31
دیمەنێک لە شاری دهۆک. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف- دهۆک

ساڵ و نیوێکە لیژنەکانی تاپۆکردنی خانووی زیادەڕۆ لە دهۆک دەستبەکاربوون و تائێستا لە کۆی ٤ هەزار مامەڵەی تاپۆکردنی خانووەکان تەنها ٤٠٩یان تاپۆ کراون، خەڵک و ئیدارەی پارێزگاکە گلەییان لە یەکتر هەیە بۆ خێرا ڕایی نەکردنی مامەڵەکانیان.

خانووە زیادەڕۆکان دەکەونە سنوری شارەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای دهۆک، ئیدارەی ئەو پارێزگایە چەند لیژنەیەکی پێکهێناوە بە مەبەستی تاپۆکردنیان و لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە لیژنەکان دەست بەکار بوون.

جەهوەر عەلی، قایمقامی دهۆک بە پەرەگرافی وت "چوار هەزار مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زیادەڕۆیان بەدەست گەیشتووەو ٤٠٩یان تەواو بوون".

هەر خانوویەک کە بڕیاری تاپۆکردنی دەدرێت بەپێی شوێنەکەی بڕی پارەی تاپۆکردنی بۆ هەر مەترێک دەستنیشان دەکرێت ئەوەش لە رێگای لیژنەی خەمڵاندن، ئەگەر پارەی تاپۆکەی بگاتە دوو ملیون دینار ئەوا بۆی دەکرێت بە چوار قیست، بەڵام ئەگەر لە خوار ئەو بڕەوە بێت پێویستە بە یەکجار پارەکەی بدرێت.

قائیمقامی دهۆک دەڵێت، مۆڵەتی تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان تا کۆتایی 2024 و هاوڵاتییان دەتوانن تا ئەو کاتە مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن.

پەرەگراف لەگەڵ خەڵکی دهۆک قسەیکردووەو ئەوان نیگەرانن لە سست بەڕێوەچوونی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووەکانیان و داوای خێراکردنی کاری لیژنەکان دەکەن بەتایبەت بۆ خەمڵاندنی بڕی ئەو پارەیەی لێیان وەردەگیرێت لە بەرامبەر تاپۆکردنی خانووەکان.

ئیبراهیم ساڵح، خانووەکەی لە گەڕەکی بەرۆشکی یە لە ناوەندی شاری دهۆک، بە پەرەگرافی وت "زیاتر لە ساڵێکە شارەوانیی نوسراوێکیان بۆ کردووم تالیژنەی خەمڵاندن سەردانمان بکات، بەڵام هێشتا هەرچاوەڕێین و لیژنەکە هاتووە".

ئەو هاوڵاتییە وتیشی "ئەگەر بەو شێوە بڕوات بەدڵنیاییەوە چەند ساڵێکی تری دەوێت تا هەموو خانووە زیادەڕۆکان تاپۆ دەکرێن".

لە بەرامبەر ڕەخنەی هاوڵاتییاندا، ئیدارەی دهۆکیش گلەیی لە خەڵک هەیە کە وەک پێویست بەدەم مامەڵەکانیانەوە ناچن، قائیمقامی دهۆک ڕەتی دەکاتەوە دواکەوتنی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووەکان ڕۆتینات بێت و وتی "دەرگای ئێمە بەردەوام کرایەوە هەر هاوڵاتیەک هەست بکات مامەڵەکەی دواکەوتووە با بە زووترین کات سەرەدانمان بکات تا کێشەکەی چاسەر بکەین".

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف زیاتر لە 400 هەزار خانووی زیادەڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەن و تائێستا نزیکەی ١٥٠ هەزار هاوڵاتیی داواکارییان بۆ تاپۆکردنی خانووەکانیان پێشکەش کردووە.