كارەبای ناوبازاڕی سلێمانی كرا بە پریپەید (كارت)

01-06-2023 02:49

پەرەگراف

كارەبای ناوبازاڕی سلێمانی كرا بە پریپەید (كارت) و كارەبای نیشتمانیی 24 كاتژمێرییان پێ‌ دەدرێت. بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی دەڵێت "بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، لەو زۆنەی ناو بازاڕ كە كارەباكەیان دەبێت بە پریپەید، كارەبایان دەبێت بە بەردەوام و لە ئەمڕۆوە موەلیدەیان نامێنێت".

پاش جێبەجێكردنی سیستەمی زیرەكی كارەبا، ساڵی ڕابردوو حكوومەتی هەرێم سیستەمی پریپەیدی بۆ كارەبا لە دهۆكەوە دەست پێ‌ كرد و دەیەوێت لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێی بكات. بەپێی سیستەمەكە كارەبا دەكرێت بە كارت و پێشوەختە پارەكەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی دەڵێت "ماوەی چەند ڕۆژێكە لە ناوبازاڕی سلێمانی دەست كراوە بە جێبەجێكردنی پرۆژەی بە پریپەید (كارت)كردنی كارەبای زۆنی یەكەمی ناوبازاڕی سلێمانی كە لە فلكەی مامەڕیشە دەست پێ دەكات تا دەگاتە فولكەی دەستەكە و پاشان شەقامی قەنات تا نەخۆشخانەی عەلی كەمال، پاشان دێتە خوارەوە بۆ خوار فولكەی خانەقا لای تایەفرۆشەكان، پاشان دووبارە تا فولكەی مامەڕیشە".

سەرەتا ئامێری (CIU) دەدرێت بە خاوەن دووكانەكان بۆ پڕكردنەوەی باڵانسی كارەبا و زانینی هەر زانیارییەكی دیكەی پێویست لەسەر چۆنێتیی كاركردن بە سیستەمە نوێكە.

پێشتر وەزارەتی كارەبا لە كاتی جێبەجێكردنی سیستەمەكە لە دهۆك، ڕایگەیاند "بەهۆی گەڕانەوەی كارەبایەكی زۆر و بەفێڕۆنەچوونی، لە هەمان كاتدا بەهۆی كەمیی سووتان و بەردەوامیی كارەبا لە ڕێگەی سیستەمەكەوە، هاووڵاتیان دڵخۆشن بەم گۆڕانكارییە بنەڕەتییە، چونكە خۆیان دەبنەوە كۆنتڕۆڵكەری كارەباكەیان و لەمەودا بەپێی پێویستی خۆیان كارەبا دەكڕن و بەكاری دەهێنن و چیتر پێویستیان بە موەلیدە نابێت".

حكوومەتی هەرێم پێی وایە بوونی ئەم سیستەمە نابێتە هۆی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، چونكە "هیچ كرێی كارەبا زیاد نەكراوە و بە هەمان نرخی ئێستایە".