ژمارەیەك "چەكداری داعش" هەشت ئەندامی خێزانێك بە شێوەیەكی دڕندانە دەكوژن

09-05-2019 12:57

پەرەگراف

ژمارەیەك چەكدار هەشت ئەندامی یەك خێزانی موختارێكی مووسڵ سەردەبڕن. هێزە ئەمنییەكانیش دەڵێن: هێرشەكە لەلایەن شانە نووستووەكانی داعشەوە ئەنجام دراوە.

سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی مووسڵ ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی موختاری ناوچەی ئەلكەوار لە بەشی ڕاستی شاری مووسڵ".

بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكە "ئەو چەكدارانە هەشت ئەندامی خێزانەكەیان سەربڕیوە، كە لە موختارەكە و هاوسەر و شەش منداڵی پێكهاتوون".

تەرمەكانی ئەو خێزانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕەوانەی پزیشكی دادوەریی مووسڵ كراون.

ئەو چەكدارانەی هێرشەكەیان ئەنجام داوە، هەڵاتوون و هێزە ئەمنییەكانیش لێكۆڵینەوەیان لە ڕووداوەكە دەستپێكردووە.

بەپێی ئەو سەرچاوە ئەمنییە "شانە نووستووەكانی داعش لە ناوچەكە ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە".

هێزە ئەمنییەكانی مووسڵ دەڵێن "جموجووڵی شانە نووستووەكانی داعش لە ناوچەكە زیادی كردووە و هێرشەكانیان دڵەڕاوكێ و مەترسیی لای هاووڵاتیان دروست كردووە".

ماوەیەكە جموجووڵی شانە نووستووەكانی داعش لە سنووری كەركووك و مووسڵ و مەخموور بە تایبەتیش لە زنجیرە چیاكانی قەرەچووغ زیادی كردووە.

هەفتەی ڕابردوویش كارمەندێكی دەزگای ئاسایشی یەكێتی لە مەخموور، پاش 72 كاتژمێر لە ڕفاندنی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە شەهید كرا. دواتریش تەرمەكەی بە هەوڵێكی زۆری سەرۆكعەشیرەتەكان وەرگیرایەوە.