خوێندنی باڵا: بارودۆخ بەم شێوەیە باش بێت لە ٣٠-٥ خوێندن دەست پێ دەکاتەوە

06-05-2020 10:37

پەرەگراف

وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکردو دەڵێت: ئەگەر بارودۆخی تەندروستی بەم شێوەی ئێستا ڕو لەباش بون بێت، ئەوا پرۆسەی خوێندنی نێوکامپەس لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا لە (٣٠/٥/٢٠٢٠) دەست پێ دەکاتەوە.

ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێكەوتی (٦/٥/٢٠٢٠) ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر سەرۆكی ئەنجومەن، ئامادەبونی بریكاری وەزارەت و سەرجەم سەرۆك زانكۆكانی كوردستان، كۆبونەوەی ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە كۆبونەوەكەدا پرسی خوێندنی ئەلكترۆنی (پاڵپشتیكار) و دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێوكامپەس تاوتوێ كرا، بۆ ئەمەش د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تیشكی خستە سەر دوا گۆڕانكارییەكانی ڕەوشی تەندروستی و بارۆدۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، لەم سۆنگەیەشەوە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی كردەوە كە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەرچی زوە هەمو هەوڵەكانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی پرسی دواكەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

دوای تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پرسی خوێندنی ئەلكترۆنی (پاڵپشتیكار) و دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێوكامپەس، ئەنجومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەركرد:

1- ئەگەر بارودۆخی تەندروستی بەم شێوەی ئێستا ڕو لەباش بون بێت، ئەوا پرۆسەی خوێندنی نێوكامپەس لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی تری خوێندنی باڵا لە (٣٠/٥/٢٠٢٠) دەست پێ دەكاتەوە.

2- خوێندنی ئەلكترۆنی (پاڵپشتیكار) لە ئێستادا بەردەوام دەبێت تاكو دەستپێكردنەوەی خوێندنی نێوكامپەس، و لەدوای ئەوەش پاڵپشت بە خاڵی (٩) لە بڕگەی سێیەمی ماددەی هەژدەیەم لە یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)، خوێندنی ئەلیكترۆنی هاوشانی خوێندنی ئاسایی نێوكامپەس پەیڕەودەكرێت هاوشێوەی زانكۆ جیهانییەكان و بەمەبەستی دانەبڕانی خوێندكاران و قوتابیان لە سیستمە ستانداردە جیهانییەكان و تەكنەلۆجیای سەردەم.

3- ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ساڵنامەی زانكۆیی بۆ تەواوكردنی پرۆگرامی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) ڕێكخستەوە، هەروەها لە چوارچێوەی سەربەخۆیی كارگێڕێ، زانكۆكان دەسەڵاتیان پێدرا بۆ گونجاندنی ساڵنامەكە لەگەڵ سیستمی خوێندن و تایبەتمەندێتی زانكۆكان.

4- بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانا سنوردارەی زانكۆ حكومییەكان، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گفتوگۆی لەبارەی پلانی وەرگرتنی خوێندكاران و قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) كرد، هەروەها كۆبونەوەكە بە ووردی تیشكی خستە سەر ئەو ئاڵنگاری و كێشەو گرفتانەی كە دێنە ڕێی زانكۆكان لە خوێندنی ساڵی داهاتودا وەك كەمی هۆڵ و تاقیگە و بەشی ناوخۆیی و توانا ماددی مرۆییەكان و هەروەها لەمپەرەكانی بەردەم سەربەخۆیی دارایی زانكۆكان، بۆ ئەم مەبەستەش كۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان كرد بۆ پێداچونەوە بە پلانی پێشكەشكراو لەلایەن زانكۆكان و گونجاندنی لەگەڵ ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوە، لە پێناو ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندكارانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی، بۆ ئەمەش ئەنجومەنی وەزارەت جەختی كردەوە كە بەوپەڕی تواناوە وەزارەتمان بەشێك دەبێت لە چارەسەری ئەم پرسە.

سەرجەم بڕیارەكانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەت سەرجەم زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیش دەگرێتەوە.