سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر هاوسەرەکەی شنیار هونەردا سەپێندرا

04-06-2023 03:14

پەرەگراف

دادگای تاوانەكانی سلێمانی/٢، بە تاوانی "سووتاندن"ی شنیار هونەر، سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەر هاوسەرەكەیدا سەپاند.

ئاودێر عەلی، پارێزەری دۆسیەی شنیار هونەر، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بڕیارەكە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەرچووە و تۆمەتباری دووەم لە دۆسیەكە كە ئافرەتێكە، بڕیاری ئازادكردنی بۆ دەركراوە".

پارێزەرەكەی شنیار وتیشی "ئێمە بڕیارەكە تەمیز دەكەین، پێمان وابوو دەبوو سزاكە قورستر بێت و چاوەڕوانی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بووین بەسەر تۆمەتبار هونەر ڕەشیددا، چونكە پێمان وایە سووتاندن تاوانێكی وەحشییانەیە و دەبێت سزاكەی لەسێدارەدان بێت".

"بڕیاری ئازادكردنی تۆمەتباری دووەمیش تەمیز دەكەین، چونكە پێمان وایە هۆكار بووە بۆ ئەنجامدانی تاوانەكە"، ئاودێر عەلی وای وت.

شنیار هونەر، ژنێكی تەمەن ٢١ ساڵ بوو، شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی مانگی شوباتی ساڵى ڕابردوو سووتا و دواتر هاوسەرەكەی تۆمەتبار كرا بەوەی نەوتی پێدا كردووە و سووتاندوویەتی. بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە بەیانیی ٢٣-٢-٢٠٢٢ كۆچی دوایی كرد و لە زێدی خۆی لە قەزای سەیدسادق بە خاك سپێردرا.

شنیار هونەری تەمەن ٢١ ساڵ، ماوەی پێنج ساڵ بوو هاوسەرگیریی كردبوو، خاوەنی دوو منداڵی تەمەن چوار ساڵ و دوو ساڵە.

هەر لە دۆسیەی شنیار هونەر، جگە لە هاوسەرەكەی، ئافرەتێك بە تۆمەتی پەیوەندی بە ڕووداوەكە دەستگیر كرابوو، كە "پەیوەندیی لەگەڵ هاوسەرەكەی شنیار هەبووە"، بەڵام دادگا بڕیاری بە بێتاوانبوونی داوە.

پێشتر سەرچاوەكی ئاگادار لە دۆسیەكە بۆ پەرگراف ئاشكرای كرد "ئەو تۆمەتبارە ئافرەتێكی بە ڕەگەز عەرەبە و لە یانەیەكی سەرچنار كار دەكات، ئەو كەسەیە كە لە كاتی سووتانی شنیار هونەردا وەكوو هۆكار و هاندەری هاوسەرەكەی شنیار لە ڕووداوەكەدا ناو دەبرا".

ئەوكات هونەر ڕەفیق، باوكی شنیار، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پەرەگراف وتی "ئێمە ئەو ئافرەتە تۆمەتبار دەكەین بەوەی كە هاندەر بووە بۆ سووتاندی كچەكەمان لەلایەن مێردەكەیەوە".

"ماڵی تاوانباریش دەڵێن: ئەم ئافرەتە سەری لە كوڕەكەی ئێمە شێواندووە كە ئەم كارە دڕندانە بكات، ئەگینا لە بنەماڵەی ئێمەدا شتی لەو شێوەیە نەبووە"، هونەر ڕەفیق وای وت.