بافڵ تاڵەبانی ئەو فەرماندانەی دژەتیرۆری خەڵات کرد کە لە هەولێر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا

05-06-2023 02:09
بافڵ تاڵەبانی فەرماندەکانی دژەتیرۆری یەکێتی خەڵات کرد، ٥-٦-٢٠٢٣

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە وەهاب هەڵەبجەیی و فەرماندەکانی دیکەی دژەتیرۆری یەکێتی، ئەوان دوێنێ لە دادگای هەولێر سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرکرا لە دۆسیەی کوشتنی هاوکار جافدا.

سەرۆکی یەکێتی ئەمڕۆ لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی دژەتیرۆر کۆبووەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستە کردوون بۆ هەوڵەکانیان "لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و شکستپێهێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم".

 بافڵ تاڵەبانی بە فەرماندەکانی دژەتیرۆری گوتووە "ئێوە نموونەی فەرماندەی دڵسۆز و بە ئەمەکی کوردستانن و مێژوویەکی پڕ لە شانازیتان تۆمارکردووە. چالاکییەکانتان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و خەڵکە خۆشەویستەکەی، گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندوونەناسیی ئێوەیە".

‎"‏‎لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر کرد لەبەرامبەر هەوڵ و قوربانیدانەکانیان لەپێناو خاکی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەیدا".

ئەو هەڵوێستەی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی دوای ئەوەدێت، دوێنێ ‏‎محەمەد جاف، برای هاوكار جاف، ڕایگەیاند "دادگای هەولێر سزای لەسێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی و پێنج كەسی دیكە لە دۆسیەی تیرۆركردنی هاوكار جاف دەركرد". وتیشی "ئێمە یەكێتیی نوێ‌ نین و یەكێتییەكەی لاهوورین".

دانیشتنەكەی دادگا و بڕیارەكە بەبێ‌ ئامادەبوونی تۆمەتباران بەڕێوە چوو و دەرکرا، بەڵام کەسوکارى هاوکار جاف دەڵێن "سێ پارێزەرى تۆمەتبارەکان لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوون".

پێشتر دادگای هەولێر داوای ئامادەبوونی تۆمەتبارانی دۆسیەكەی كردووە، بەڵام ئەوان و یەكێتیش وەك حیزب ڕەتیان كردووەتەوە بچنە دادگا و ڕایانگەیاندووە كە دان نانێن بە هیچ قۆناغێكی ئەو دۆسیەیەدا لە لێكۆڵینەوەوە تا دادگایكردن و دواین بڕیاری ئەمڕۆی دادگا.

بەپێی بڕیارەكەی دادگای هەولێر، هەریەك لە "وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی و كارزان محەمەد ڕەشید، بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی و هەریەك لە ئەفسەرانی دژەتیرۆر وریا خالید عەلی و لەشكر محەمەد حەسەن و عاسی ڕەشید حوسێن، وەكوو "ئەنجامدەری تاوانی تیرۆركردنی هاوكار جاف" سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە.

جگە لەو شەش کەسە، چەند کەسێکى دیکە تۆمەتبارن بە هاوکاریکردنیان و کەسوکارى هاوکار جاج دەڵێن "بەشێك لە تۆمەتبارەكان هێشتا ماون و ڕۆژی هەشتی مانگ دادگایی دەكرێن".

پێشتریش بافڵ تاڵەبانی سەرەتای مانگی ٣ی ئەمساڵ لە كۆڕبەندی ساڵانەی كەناڵی ڕووداو لە هەولێر ڕایگەیاند، بە خەویش نایبینن یەك كەس لەو داواكراوانە ڕادەست بكات.

محەمەد جاف لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی بۆ میدیاكان دەستخۆشیی لە "مەسروور بارزانی، لاهوور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین"ی كرد كە وەكوو خۆی دەڵێت "ماندوو بوون بە دۆسیەكەوە".

لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا ئێستا بنەماڵەی هاوكار جاف یەكێتین؟ محەمەد جاف وتی "ئێمە یەكێتییەكەی (مام)ین، یەكێتییەكەی لاهوورین، یەكێتیی نوێ‌ نین". جەختیشی كردەوە كە "لاهوور شێخ جەنگی چی بێت، ئێمەش ئەوەین".

كەسوكاری هاوكار جاف ڕایانگەیاند كە لە زۆر ئاستدا هەوڵی سوڵحی عەشائیری لە دۆسیەكەدا دراوە و ئەوان ڕەتیان كردووەتەوە.

لە دوای كوژرانی ھاوكار جاف لە ھەولێر و تۆمەتباركردنی بەرپرسانی دژەتیرۆری یەكێتی بە ئەنجامدانی ئەو كارە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمەوە، گرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پەرەیان سەند و بەوهۆیەوە قوباد تاڵەبانی و تیمی وزاریی یەكێتی ماوەی زیاتر لە ٦ مانگ بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كرد.

مەسرور بارزانی ڕووداوی كوژرانی هاوكار جافی بە هۆكاری سەرەكیی بایكۆتەكەی یەكێتی لە قەڵەم دەدا و ڕایگەیاند "یەكێتی داوای كپكردنی دۆسیەی هاوكار جاف دەكات، ئەوەش داوایەكی ناڕەوایە". بەڵام یەكێتی هۆكاری بایكۆتەكەی دەگەڕاندەوە بۆ خراپیی دۆخی دارایی و پڕۆژەكانی سلێمانی.

ماوەی مانگێكە تیمی وزاریی یەكێتی بایكۆتیان شكاندووە و گەڕاونەتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوەش دوای دیدارێكی دوو قۆڵیی نێوان مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی كە ڕێككەوتن لەسەر چارەسەری سەرجەم كێشەكان بە گفتوگۆ، بەڵام دیار نییە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای هەولێر گەڕێكی دیكەی ناكۆكی و شەڕی میدیایی نێوان ئەو دوو حیزبەكەی لێ دەكەوێتەوە، یان یەكێتی بێدەنگیی لێ دەكات و سوور دەبێت لەسەر ڕادەستنەكردنی داواكراوان.

هاوكار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاریی یەكێتی و نزیك لە لاهوور شێخ جەنگی بوو، ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢ بە بۆمبی لكێندراو ئۆتۆمبێلەكەی لە هەولێر تەقێندرایەوە و خۆی كوژراو، ژن و كچ و خوشكێكیشی بریندار بوون.

دوای ٥ ڕۆژ لە ڕووداوەكە، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ئەنجامی لێكۆڵینەوەی ئاشكرا كرد و گرووپێكی "دژەتیرۆری یەكێتی"ی بە ئەنجامدەری ھێرشەكە لەقەڵەم دا و ناسنامەیانی ئاشكرا كرد.

ئەنجومەنی ئاسایش وتی "ئەو کارە تیرۆریستییە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی و کارزان محەمەد بەرپرسی ھەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی" بووە و "تیمێکی ١٠ کەسی بوون كە بەرپرسی وێستگەی دژەتیرۆری سلێمانی لە ھەولێر سەرپەرشتیی کردوون". دەستگیرکردنی ٦ تۆمەتباریشی ڕاگەیاند.

دواتر دژەتیرۆری یەكێتی تۆمەتباركردنی بەرپرسانی دەزگاكەی بە كوشتنی عەقید هاوكار جاف ڕەت كردەوە و وتی "تەواوی ئەو ڕووداوەی لە ڕێككەوتی (7ی تشرینی یەكەمی 2022) لە شاری هەولێر ڕووی داوە، بە پیلانی پاراستن و تیمێكی دیاریكراو جێبەجێ كراوە".

دژەتیرۆری یەكێتی، پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "دەزگا نیشتمانییەكان بۆ پیلانە گڵاوەكانی بەكار دەهێنێت" و دەڵێت "ئەوانەی بە پیلان تۆمەتبار كراون، ئەفسەری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانن، كە دەبوایە بۆ ڕێزگرتن لە ئەنجوومەنەكە و جوانتركردنی پیلانەكەیان، ڕێوشوێنی یاساییان بگرتایە بەر".