پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بوودجە دەدات؛ یەكێتی پاڵپشتیی دەكات و پارتی ‏نیگەرانە

06-06-2023 04:23

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای ‏بوودجە كۆدەبێتەوە، پاش ئەوەی زیاتر لە 100 واژووی پەرلەمامنتاران ‏بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەكە كۆكرایەوە. ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ ‏ئەنجامدانی كۆبوونەوەكەدان و واژوویان كردووە، فراكسیۆنی پارتيیش هێشتا ‏بڕیاری نەداوە، ‏بەڵام تا ئێستا ناڕازییە و باس لە ئەگەری بایكۆت دەكات.‏

وەكوو لە خشتەی كاری كۆبوونەوەكەدا هاتووە "ڕۆژی پێنجشەممە 8-6-‏‏2023، پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای ‏بوودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵەكانی 2023، 2024 و 2025".‏

شەوی ڕابردوو، یوسف كیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ‏لە تویتێكدا ڕایگەیاند "وەكوو پێشتر بەڵێنمان دابوو بە كۆكردنەوەی ‏واژوو بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەسەندكردنی بوودجە لە ڕۆژی ‏چوارشەممە، ئێستا زیاتر لە 100 واژوومان كۆكردووەتەوە بۆ ‏ئەنجامدانی دانیشتنەكە".‏

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئەنجامدانی دانیشتنەكە ‏پێویستی بە 50 واژووی پەرلەمانتاران هەیە، بەڵام ئەوان زیاتر لە 100 ‏واژوویان كۆكردووەتەوە.‏

یەكێتی كە پێی وایە پرۆژەیاساكە لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، پاڵپشتی لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە دەكات، بەڵام پارتی پێی وایە گۆڕانكارییەكانی ناو پرۆژەیاساكە پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانن، هەر بۆیە لە هەوڵدایە لە ڕێگەی ڕێككەوتنی سیاسییەوە كێشەكان چارەسەر بكات.

كاروان یاروەیس، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، ‏ڕایگەیاند "پاڵپشتیی خۆیان دەربڕی و ناویان خستە سەر یاداشتی ‏هەڵمەتی كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ فشار خستنە سەر سەرۆكایەتیی ‏ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەتا لەم هەفتەیەدا وادەی دانیشتنی ‏پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بوودجەی ‏گشتیی عێراق دیاری بكات".‏

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەشڵێت "دواكەوتنی پەسەندكردنی بوودجە ‏جگە لەوەی سەرپێچیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە، لە هەمان كاتدا ‏كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر ژیانی خەڵك و بازاڕ و پرۆژە ‏خزمەتگوزارییەكان".‏

هاوكات چیا تەیموور، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ‏شەفەقنیوزی ڕاگەیاندووە "لە ئەگەری ئەوەی ڕێككەوتنێكی سیاسی نەكرێت و ‏هەمواركردنەوەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان بمێنێتەوە، كە ئەو هەمواركردنەوە ‏پێشێلی دەستوورە و مەبەستیش لێی بە ئامانجگرتنی هەرێمی كوردستانە، ڕەنگە ‏فراكسیۆنی پارتی بایكۆتی دانیشتنی دەنگدان بە بوودجە بكات".‏

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی "بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە بۆ ‏بایكۆتی كۆبوونەوەكە لەلایەن سەركردایەتیی حیزبەوە بە فەرمی دەرنەچووە".‏