سێیەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە ھەرێم تۆمار کرا

07-06-2023 01:01
تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە

پەرەگراف

حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای دهۆک تۆمار کراو ئەوە سێیەم گیان لەدەستدانە بەو پەتا ڤایرۆسییە کە ئەمساڵ لەھەرێم تۆمار بکرێت.

سەگڤان دۆسکی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادیی شاری دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کەسەکە گەنجێکی تەمەن 27 ساڵە ودانیشتووی ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوایە. مەڕوماڵات و مانگای بەخێو کردووە".

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر حاڵەتەکەو دۆخی ئەو نەخۆشییەو بڵاوبوونەوەی لە دھۆک، پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری گشتییتەندروستیی دهۆکەوە کرد، بەڵام بەردەست نەبوو.

دوو حاڵەتەکەی دیکەی گیان لەدەستدان بەو پەتایە لە هەولێر و سۆران بوون و مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵ کردووە.

تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هاوینی ڕابردووش ئەو پەتایە لەعێراق و كوردستان بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەست دا.

پزیشكانی پسپۆڕ دەڵێن، مردن بەو پەتایە دەگاتە لەسەدا ٤٠ی ڕێژەی تووشبووان. نیشانەكانی تای خوێنبەربوونیش ئەوەیە؛ نەخۆشەكەتووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوەببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم ھەفتەی ڕابردوو ژمارەیەک ڕێکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند و دەڵێت"سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە سەربڕین تەنیا لە شوێنی ڕێپێدراو دەبێت".

بەپێی ڕێكارە نوێیەكانی وەزارەتی تەندروستی، قەسابەكان پابەند دەكرێن بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن، بە تایبەت دەستكێشیلاستیك و جلی تایبەتی خۆپارێزی لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ. هەروەها دوای سەربڕینی ئاژەڵ، دەبێت شوێنەكە بە گیراوەی تایبەتپاكژ بكرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە كە هاووڵاتیان "گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێپێدراو بكڕن"، هەروەها " دەستكێش لەدەست بكەن وئاگادار بن دەستیان برینداریی نەبێت و تەختەی لەتكردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەتكردنی سەوزە".