دەستگیركردن و مردنی كاسبكارەكەی هەولێر لە ماوەی چوار كاتژمێردا؛ ‏یەكێتی: قبووڵ ناكرێت

07-06-2023 04:38
وێنەی زیرەك عەلی محەمەد

پەرەگراف

تەرمی ئەو كاسبكارەی پاش چەند كاتژمێرێك لە دەستگیركردنی لەلایەن ‏ئاسایشەوە لە هەولێر گیانی لەدەست دا، بە خاك سپێردرا. كەسوكاری ‏گومانیان لە ڕووداوەكە هەیە و دەڵێن "زیرەك هیچ نەخۆشییەكی ‏نەبووە". بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر دەڵێت "زیرەك كادیر و كوڕی شەهیدی یەكێتییە. ئەو وەزعەی ‏ڕووی دا، قبووڵ ناكرێت و سكاڵا تۆمار دەكەین".‏

نیوەڕۆی دوێنێ‌ لە گەڕەكی سێتاقانی هەولێر، كاسبكارێك بە ناوی زیرەك ‏عەلی محەمەد لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كراوە و پاش چەند ‏كاتژمێرێك كەسوكارەكەی ئاگادار كراونەتەوە كە بچن تەرمەكەی لە ‏پزیشكی دادی وەربگرنەوە.‏

كەسوكاری ئەو كاسبكارە ڕەتیان كردەوە تەرمەكەی وەربگرنەوە و ‏گومانیان لە ڕووداوەكە هەبوو، داوایان كرد تیمێك لە سلێمانییەوە بۆ ‏پشكنین بچێتە هەولێر. ئەمڕۆ تیمەكە توێكاریی بۆ تەرمەكە كرد و ‏پاشان لەلایەن كەسوكاریەوە بە خاك سپێدرا، بەڵام هێشتا ئەنجامی ‏توێكارییەكە ئاشكرا نەكراوە.‏

یەكێك لە براكانی ئەو كاسبكارە سەبارەت بە ڕووداوەكە وتی "دەوروبەری ‏نیوەڕۆی دوێنێ‌، ئاسایشی سەیداوە لەسەر كارەكەی زیرەكی دەستگیر ‏كردووە، پێش كاتژمێر 4ی ئێوارە تەلەفۆنێكیان بۆ كردین كە تەرمەكەی ‏لە پزیشكی دادییە".‏

كوڕ و براكانی ئەو كاسبكارە گومانیان لە ڕووداوەكە هەیە و دەڵێن ‏‏"زیرەك هیچ نەخۆشییەكی نەبووە، چۆن دەبێت بە ساغی بیبەن و پاش ‏چوار كاتژمێر بڵێن وەرن بۆ تەرمەكەی؟!".‏

سەبارەت بە هۆكاری دەستگیركردنی، برایەكی دەڵێت "شەوی ڕابردووتر ‏لە كاتی هاتنەوەی بۆ ماڵ تووشی دەمەقاڵێیەك بووە لەگەڵ كەسێك كە ‏نازانین كێیە، لەسەر ئەوە دوینێ‌ دەستگیر كراوە".‏

كوڕەكەیشی دەڵێت "باوكم ماتۆڕێكی پێ‌ بووە، كەسێك هاتووە وتوویەتی ‏ماتۆڕەكەت لەو شوێنەدا لابە، لەسەر ئەوە دووسێ‌ شەقیان لە یەكتر ‏هەڵداوە"، ڕووداوەكە هەر ئەوەندە بووە.‏

بەڵام ئەمڕۆ بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر هۆكاری ‏دەستگیركردنی كاسبكارەكەی بۆ "زیادەڕۆیی" گەڕاندەوە و وتی "دەڵێن ‏لە دووكانەكەی تۆزێك تەجاوزی هەبووە".‏

زیرەك عەلی محەمەد، لەدایكبووی 1983 بووە و خێزاندارە، دوو كوڕ و ‏كچێكی هەیە. باوكی زیرەك شەهیدی یەكێتییەوە و بە قسەی بەرپرسی ‏مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر، زیرەك خۆیشی كادیری یەكێتی بووە.‏

ئەمڕۆ مەجید محەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی، ‏كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا و وتی "ڕوونكردنەوەمان لە ‏ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ دەوێت بۆ ‏دەرخستنی هۆكاری دەستگیركردن و مردنی ئەو كوڕە".‏

بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی، پێی وایە زیرەك "یان بە لێدان ‏یان بە تۆقاندان مردووە". دەشڵێت "ئەگەر جەڵتەش لێی دابێت لە ‏ترسدا جەڵتە لێی داوە و هۆكارەكەی دەستگیركردنەكەی بووە".‏

‏"سكاڵامان ئامادە كردووە و تۆماری دەكەین، ئەگەر وەڵامێكی ‏باوەڕپێهێنەرمان نەدەنەوە، ڕاناوەستین و ئەگەر كەیسەكە لە دادگای ‏هەولێر یەكلا نەبێتەوە، لەوانەیە بیبەینە دادگای تەمیزی بەغداد"، ‏مەجید محەمەد وای وت.‏

هەریەك لە كەسوكاری و یەكێتیش، پێیان وایە زیرەك چ لەسەر ڕووداوی ‏‏"دەمەقاڵێ‌" و چ لەسەر "زیادەڕۆیی" دەستگیر كرابێت، دەبوو ‏لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر بكرێت، چونكە ئەو كەیسانە پەیوەندییان بە ‏پۆلیسەوە هەیە نەك ئاسایش، بۆ ئەوەش داوای لێكۆڵینەوە و ‏ڕوونكردنەوە دەكەن.‏