ئاسایشی هەولێر: زیرەك هێرشی كردووەتە سەر كۆمپانیایەك و ویستوویەتی بەزۆر پارەیان لێ‌ ‏وەربگرێت

07-06-2023 06:16

پەرەگراف

ئاسایشی هەولێر ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی كاسبكارەكەی هەولێر بڵاو كردەوە و ‏ڕایدەگەیەنێت "زیرەك عەلی محەمەد هێرشی كردووەتە سەر كۆمپانیایەك و ویستوویەتی بەزۆر پارە ‏لەو كۆمپانیایە وەربگرێت".‏

ئاسایشی هەولێر دەڵێت "دەستگیركردنی بە شێوەیەكی مەدەنییانە و بەبێ بەكارهێنانی هیچ ‏توندوتیژییەك بووە، دواتر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوشار-باشوور باری تەندروستیی تێك چووە و ‏لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە".‏

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش كردووە "لەسەر داوای خانەوادەی كۆچكردوو، ‏تیمێكی پزیشكی دادی لە شاری سلێمانییەوە هاتن و بەشداربوون لە توێكاری و هۆكاری ‏گیانلەدەستدانەكەی. لە دەرئەنجامی ڕاپۆرتی پزیشكی دادی، دەركەوت كە هاووڵاتی (زیرەك عەلی) بە ‏هۆكاری (وەستانی دڵ/ الجلگە القلبیە) گیانی لەدەست داوە و هیچ ئاسەوارێكی لێدان و ئەشكنجەدان ‏بەسەر لاشەكەیەوە نییە".‏

دەقی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر:‏

دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٥ی ٦یی ٢٠٢٣ ئاگادار كراینەوە كە هاووڵاتییەك بە ناوی (زیرەك عەلی محەمەد)، ‏نیشتەجێی گەڕەكی (سێتاقان)، هێرشی كردۆتە سەر كۆمپانیایەك و ویستوویەتی بەزۆر پارە لەو ‏كۆمپانیایە وەربگرێت، بۆیە بە پێویستمان زانیوە لە لامان ئامادە بكرێت‎.‎

لەم چوارچێوەیەدا، لە یەكێك لە بنكەكانی ئاسایشی ناوشار كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە، بە ‏شێوەیەكی مەدەنییانە و بەبێ بەكارهێنانی هیچ توندوتیژییەك، لە ڕۆژی ٦ی ٦ی ٢٠٢٣ كەسی ناوبراو ‏ئامادە كراوە، دوای لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی، دەرفەتی ئەوەی پێ دراوە كە پەیوەندیی بە ‏كەسوكاریەوە بكات تاوەكوو شوێنی زانراوبێت. دواتر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوشارباشور، ‏هاووڵاتی (زیرەك عەلی) باری تەندروستیی تێك چووە، دەست بەجێ لە لایەن تیمەكانمانەوە بەپەلە ‏گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام گیانی لەدەست داوە، لە هەمان كاتدا خانەوادە بەڕێزەكەیان لە ‏گیان لەدەستدانی كوڕەكەیان ئاگادار كراونەتەوە‎.‎

تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كراوە، دواتر لەسەر داوای خانەوادەی كۆچكردوو، تێمێكی ‏پزیشكی دادی لە شاری سلێمانییەوە هاتن و بەشداربوون لە توێكاری و هۆكاری گیان لەدەستدانەكەی. ‏لەدەرئەنجامی ڕاپۆرتی پزیشكی دادی، دەركەوت كە هاووڵاتی (زیرەك عەلی) بە هۆكاری (وەستانی دڵ/ ‏الجلگە القلبیە) گیانی لەدەست داوە و هیچ ئاسەوارێكی لێدان و ئەشكنجەدان بەسەر لاشەكەیەوە نیە‎.‎

وێڕای ئەوەی ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ئامادەین هاوكاریی تەواوی خانەوادەی ‏كۆچكرد و هەر لایەنێك و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بكەین، ئەگەر بیانەوێت بەشداریی ‏پرۆسەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بكەن، لە چۆنیەتیی گیان لەدەستدانی كۆچكردوو‎.‎
‎ ‎بەڵام بەداخەوە چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن و لایەنێك، دەیانەوێت كەیسی گیان لەدەستدانی ئەم ‏هاووڵاتییە بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان بەكار بهێنن و تۆمەتی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی بڵاو ‏دەكەنەوە، بەبێ ئەوەی ڕاستی و درووستیی ڕووداوەكان وەك خۆی بزانن‎.‎

لێرەوە داوا لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكەین، بەبێ بوونی زانیاری هیچ زانیاریەكی ‏نادروست لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی بلاو نەكەنەوە و پێش پرۆسەی ئەنجامی ‏لێكۆڵینەوەكان نەكەون و هەرداواكاری یەكیان هەیە بەرێگای داداگاوە ئەتوانن پێشكەشی بكەن و ‏بەرگری نەكەن لە ئەندامەكانیان كە كارێكی نایاسایی ئەنجام دەدەن، چونكە ئارامی و ئاسایشی شاری ‏هەولێر ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە، بە پێچەوانەوە هەر كەسێك كارێكی نایاسایی ئەنجام بدات، ‏بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین ڕووبەڕووی یاسای بكەینەوە‎.‎

بۆیە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دووپاتی دەكەینەوە كە هیچ جۆرە شێوازیك لەم ‏تۆمەتە بێ بنەمایانەی كە بۆ مەرامی تایبەت ئاراستەمان دەكرێن، لە ئەركی خۆمان ساردمان ناكاتەوە، ‏بەڵكوو بە پێچەوانەوە مكوڕترمان دەكات لە جێبەجێ كردنی ئەركەكانمان، چونكە پارێزگاریكردن لە ‏سەروماڵی هاووڵاتیان و دانیشتوانی بەڕێزی شاری هەولێر و دەوروبەری، بە ئەركی سەرشانی خۆمان ‏دەزانین، لەم پێناوەشدا بەبێ هیچ جیاوازییەك یاسا لەسەر هەموو تاكێكی كۆمەڵگەدا جێبەجێ ‏دەكرێت و هیچ كەسێكیش لە سەرووی یاساوە نییە‎.‎

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
‏٧ی ٦ی ٢٠٢‏