پارێزبەندی تەنها لەسەر سۆران عومەر هەڵگیرا

07-05-2020 01:43
كۆبوونەوەكەی پەرلەمان


پەرەگراف

پارتی‌و پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان پارێزبەندیی پەرلەمانتارانیان خستە دەنگدانەوەو تەنها سۆران عومەر دەنگی هێنا بۆئەوەی پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت.

سەرۆكی پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد‌و ڕەخنەی تووندیان لەو هەنگاوەو سیاسەتی پارتی گرت بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاران.

لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا كە هێمن هەورامی سەرۆكایەتی دەكرد، هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر چوار پەرلەمانتار خرایە دەنگدانەوە، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی تەنها 3 پەرلەمانتار لەگەڵ ئەوەدا بوون پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان 4 پەرلەمانتارو شیرین ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان بەهەمانشێوە 4 پەرلەمانتار، بەڵام سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی 57 پەرلەمانتار دەستیان بۆ بەرزكردەوەو پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا.

گۆڕان: گوتیان بەشداریی بكەن بە دڵی ئێوە دەبێت

عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمانی ڕاگەیاند‌و ئەوەی خستە ڕوو، بەهەموو شێوەیەك دژی لابردنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتارانن‌و داوای كرد ئەگەر بڕیارە پارێزبەندی لەسەر یەك پەرلەمانتار هەڵبگیرێت ئەوا دەبێت لەسەر كۆی پەرلەمانتاران هەڵبگیرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتیشی: ئێمەیان ئاگادار كردەوە كە ئەگەر بەشداریی بكەین چۆن بمانەوێت بەوشێوەیە دەبێت، بەڵام ئێمە بەشداریی كۆبونەوەیەكی لەوشێوەیە ناكەین، چونكە ئەمە لە سیناریۆی سیاسی دەچێت.
"نابینە بەشێك لە سیناریۆی هیچ كەس و لایەن‌و گروپێك... بە خەڵك و پارتی دیموكراتیشمان وت ئێمە بەهەمو شتێك ڕازی نین" عەلی حەمەساڵح وای وت.

یەكێتی: ئەوەی ڕوویدا قەیرانەكان قوڵتر دەكاتەوە

دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان‌و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانییان كرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەمال حەوێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاند، ڕێز لە یاساو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەگرن، بەڵام لەئێستادا زۆر پرسی گرنگتر هەیە كە ئیشی پەرلەمانە كاری لەسەر بكات، وتیشی: ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان ڕوویدا، ناكۆكی و قەیرانەكان قوڵتر دەكاتەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەوەشی خستە ڕوو، پەرلەمان بە زۆرینەو كەمینە ناتوانێت كارەكانی لەبەرژەوەندی خەڵك ئەنجامبدات و ئەو مۆدێلە لە پەرلەمانی هەموو جیهان شكستی هێناوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تازە كاری پێدەكرێت.

كۆمەڵ: هیچ فشار و چاوسوركردنەوەیەك نامان وەستێنێت

فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بە "شكاندنی شكۆی پەرلەمان‌و كپ كردنی دەنگی ئازاد" لە قەڵەم دەدات.

عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ڕایگەیاند، هیچ فشار و چاوسوركردنەوەیەك ناتوانێت بمان وەستێنێت لە قسەی حەق و دژایەتی دەسەڵاتێكی دز و گەندەڵ.
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ، وتیشی "ئێمە بەردەوامین، ئێوەش چیتان پێدەكرێت درێغی مەكەن".