ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە بەردەوامەو پەرلەمانتاران دەڵێن: پڕۆژەکە ڕفێندراوە

08-06-2023 03:45

پەرەگراف

ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بەردەوامن بەتایبەت لەو ماددانەی پەیوەندییان بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێن، پڕۆژە یاساکە "ڕفێندراوەو نازانن لە کوێیە".

ناکۆکییەکان دوای ئەوە تووندبوونەوە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گۆڕانکاریی لەو ماددانەی پڕۆژەکەدا کرد کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی لە حکومەتی عێراقەوە ڕەوانەی پەرلەمان کرا، گۆڕانکارییەکان ناڕەزایی تووندی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە.

حوسێن موەنس، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، کە یەکێکە لەوانەی پشتگیریی گۆڕانکارییەکانى لیژنەی دارایی دەکات لە تویتێکدا دەڵێت "هەرکەسێک کۆپیی پڕۆژەیاساى دەستکاریکراوى دۆزییەوە، با بیگەڕێنێتەوە بۆ لیژنەى دارایی، لەدواى ئەوەى دوو هەفتەیە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان رفاندوویانە، بۆ ئەوەى بیدەینە پەرلەمانتاران و بیبینن بەر لەوەى تاوتوێى بکەن". 

یوسف کیلابی، ئەندامى لیژنەى دارایی کە ئەویش پشتگیریی گۆڕانکارییەکان دەکات، لە تویتێکدا دەڵێت "هەندێک هێزى سیاسى هێشتا پێیانوایە پەرلەمانتار تەنیا سەربازێکە. بۆیە بودجە رفێندرا و شاردایەوە بۆ ئەوەى بەشێوازە کۆنەکە تێپەڕێندرێت".

هەرچەندە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ باسلەوە دەکەن لەسەر چەند خاڵێکی ناکۆکیی ڕێککەوتنی نوێ هەیە لە نێوان هەولێرو بەغدادو ئەو گۆڕانکارییانەی لیژنەی دارایی لە پڕۆژەکەدا کردوونی هەڵدەوەشێندرێنەوە، بەڵام هێشتا هیچ شتێکی فەرمیی لەوبارەیەوە نییەو لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا پێویستە پڕۆژەکە لە لیژنەی دارایی گفتوگۆ دەنگدانی لەبارەوە بکرێت و پاشان ببرێتە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی.

بەهۆی ناکۆکییەکانەوە پەرلەمان کۆبوونەوەی دەنگدان لەسەر بوودجەی دواخست بۆ کاتژمێر ٨ی ئەمشەو، بەڵام ڕوون نییە لەوکاتەشدا دەتوانێت دەنگدان لەسەر بوودجەکە دەستپێبکات یان نا.

حکومەتی هەرێم پێیوایە گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی لە پڕۆژەی بوودجەکەدا پێچەوانەی دەستوورو ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغدان و پابەند نابێت پێیانەوە.

لە دیارترین گۆڕانکارییەکان پابەندکردنی حكومەتی هەرێمە بە گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی ساڵانی پێشوو بە ڕێژەی لەسەدا ١٠، هەر لە پڕۆژە یاساکەدا هەرێم پابەندکراوە بە پێدانی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆی عێراق بەبێ نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک و موسڵ، پارەی نەوتیش لە هەژمارێکی بانکی ناوەندیی عێراقدا دەبێت و وەزیری دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەداتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم.

لەبارەی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ھەولێرو بەغداد، لە پڕۆژەیاساکەدا ئەوە جێگیرکراوە کە ئەگەر لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ناکۆکییەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و کار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكرێت کە بەپێی بڕیارەکە ھەناردەو فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە نادەستورییە.