مەسرور بارزانی بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان: دژی هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم بوەستنەوە

09-06-2023 06:00

پەرەگراف

لە پەیامێکی نوێیدا بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان، مەسرور بارزانی داوا دەکات دژی هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم بوەستنەوە.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەڵێت "هیوادارم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە هەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆژەیاسای بودجە بکەن و پارێزگاریی لە قەوارەی هەرێم و مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی بکەن و دژی هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم بوەستنەوە".

پەیامەکە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر ئەو ماددانەی پڕۆژەیاسای بوودجە بدات کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەک دەنگ نین بەتایبەت پارتی و یەکێتی.

حکومەتی هەرێم پێیوایە گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی لە پڕۆژەی بوودجەکەدا پێچەوانەی دەستوورو ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغدان و پابەند نابێت پێیانەوە.

لە دیارترین گۆڕانکارییەکان پابەندکردنی حكومەتی هەرێمە بە گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی ساڵانی پێشوو بە ڕێژەی لەسەدا ١٠، هەر لە پڕۆژە یاساکەدا هەرێم پابەندکراوە بە پێدانی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆی عێراق بەبێ نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک و موسڵ، پارەی نەوتیش لە هەژمارێکی بانکی ناوەندیی عێراقدا دەبێت و وەزیری دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەداتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم.

لەبارەی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ھەولێرو بەغداد، لە پڕۆژەیاساکەدا ئەوە جێگیرکراوە کە ئەگەر لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ناکۆکییەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و کار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكرێت کە بەپێی بڕیارەکە ھەناردەو فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە نادەستورییە.