بڕگە 'مەترسیدار'ـەكەی ماددەی 14 فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ دەكات

10-06-2023 06:50

پەرەگراف

بڕیارە كاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ درێژەدان بە پەسەندكردنی ماددەكانی پڕۆژەیاسای بوودجە دەست پێ بكاتەوە. بڕگەیەكی ماددەی 14ی پەیوەست بە پشكی هەرێم كێشەی لەسەرە و ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "پەسەندكردنی ئەو بڕگەیە بەو شێوەیەی كە دەستكاری كراوە، مەترسیدارە بۆ پشكی هەرێم، بۆیە بە گشتی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ پەسەندكردنی بڕگەكەدان بەو شێوەیەی كە لە پرۆژەیاساكەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە".

لە پرۆژەیاساكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، لە بڕگەی حەوتی ماددەی 14دا هاتووە "لە كاتی بوونی ڕاجیایی لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم دەربارەی بۆچوون سەبارەت بە ماف و پابەندییەكانی ناو ئەم یاسایە، لیژنەیەك لە نێوان هەردوولا دروست بكرێت و لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دوای پێكهێنانی، ڕاپۆرتی خۆی بداتە سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئەو بڕیاری گونجاو لەبارەى کێشەکەوە بدات".

بەڵام لە كۆبوونەوەكانی ماوەی ڕابردووی لیژنەی دارایی، ئەو بڕگەیە بە تایبەت لەلایەن لایەنە شیعەكانەوە دەستكاری كرا و بەم شێوەیە داڕێژراوەتەوە "لە كاتی بوونی ڕاجیایی لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم دەربارەی بۆچوون سەبارەت بە ماف و پابەندییەكان، یان جێبەجێنەكردنی ئەوەی لە بڕگەكانی 1 و 2ی ماددەی 13 و بڕگەكانی (1، 2، 3، 4، 5، 6 و 7)ی ماددەی 14دا هاتووە، 15 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت بۆ چارەسەری كێشەكان، لە دوای ئەوە شایستە داراییەكانی هەرێم ڕادەگیرێت و كار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكرێت".

سۆران عومەر، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بە گشتی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ مانەوەی ئەو بڕگەیەن بەو شێوەیەی كە لە پرۆژەیاساكە ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، چونكە دەستكاریكراوەكە زۆر مەترسدارە لەسەر پشكی هەرێم كە مووچە و شایستەی دارایی هاووڵاتیانە".

هەر سەبارەت بەو بڕگەیە، ئاریان تاوەگۆزی، ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی وت "ماددەی 14 هێشتا كێشەی لەسەرە و یەكلا نەكراوەتەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ هەر شتێكداین كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی كوردستان بێت و هەر بڕگەیەك لە دژی بەرژەوەندی و مافی هاووڵاتیان بێت، ئێمە لەگەڵیدا نین".

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە ڕێگە نادەن ماددەی 14 بەو شێوەیەی كە دەستكاری كراوە، تێبپەڕێندرێت.

شەوی ڕابردوو بەهۆی بوونی كێشە لە نێوان پێكهاتە و لایەنەكان، دەنگدان لەسەر ماددەكانی 14، 15، 16 و 17ی پرۆژەیاسای بوودجە دواخرا و ماددەكانی دواتر تا ماددەی 24یش پەسەند كران. بڕیارە كاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوە دەست پێ‌ بكاتەوە و فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەیانەوێت سەرەتا ماددەی 14ی پەیسوەت بە هەرێم پەسەند بكرێت.

ماددەكانی 12، 13 و 14 تایبەتن بە ماف و پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان. شەوی ڕابردوو ماددەكانی 12 و 13 پەسند كران و لە ماددەی 12دا پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67٪ پەسەند كرا.

مادەی 13ی پرۆژەیاسای بوودجەیش كە تایبەت بە هەرێم، بەم شێوەیە پەسەند كرا:

- یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2004 تاوەكوو 2022 یەكلایی دەكرێنەوە، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، بە پشتبەستن بەو ماف و پابەندبوونانەی لە یاساكانی بوودجەی فیدراڵیی هەموو ساڵێك هاتووە.

دووەم:

- أ: حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، پابەند دەبێت بە باركردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ كۆگاكانی سۆمۆ لە بەندەری جەیهانی توركی، لانیكەم كەمتر نەبێت لە 400 هەزار بەرمیل. كۆمپانیای سۆمۆ ئەو بڕە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و بە هەمان نرخ و میكانیزمەكانی كۆمپانیاكە دەفرۆشێت.

- ب: ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركی یان هەر بەندەرێكی دیكەی فەرمی كە وەزارەتی نەوت دیاری دەكات، نەكرا، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بڕە نەوتەی كە لە (بڕگەی یەكەم-أ)دا هاتووە ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەكات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ بەپێی ئەو پێویستییەی وەزارەتی نەوتی عێراق دیاریی دەكات.

- ج: وەزارەتی دارایی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی كوردستان دەدات كە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە وەردەگیرێت، بە گوێرەی (بڕگەی دووە - أ و ب)، بەو پێیەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەكسان بێت لەگەڵ تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق.

- د: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە گەنجینەی دەوڵەت بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی.

- هـ: وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات. دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش مانگانە ژمێرەی كۆتایی بدات بە فەرمانگەی ژمێریاری، بۆ ئەوەی بخرێتە نێو ژمێرەی كۆتایی دەوڵەت. یەكلاییكردنەوەی ماف و پابەندبوونە نانەوتی و نەوتییەكانی هەردوولا دەكرێت دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی وەرزی دەبێت.

- و: قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان كە قەرزی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی و بانكە حكومی و تایبەتەكانە، مانگانە بە قیست لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت و دانەوەی ئەو قەرزانە لە ساڵی 2023ـەوە دەست پێ دەكات و بە حەوت ساڵ دەدرێنەوە.