بارزانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا: هیواخوازم بارودۆخێك دروست بێت بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانتان

10-06-2023 07:56
دوازدەیەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا لە شاری هەولێر

پەرەگراف - هەولێر

مەسعود بارزانی بەشداریی لە دوازدەیەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا كرد و هیواخوازە "بارودۆخێك دروست بێت" كە ئەندامانی ئەو پارتە بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای كوردستان. دەشڵێت "ئەوانەی دەبنە كۆسپ لەبەردەم دەستكەوتەكان، باجەكەی دەدەن".

ئەمڕۆ شەممە 10ی حوزەیرانی 2023، دوازدەیەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا لە شاری هەولێر دەستی پێ كرد و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە كۆنگرەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا وتی "لە سەرەتای ڕووداوەكانی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە بە بەردەوامی پشتیوانتان بووین بۆ ئەوەی یەكڕیز و تەبا و یەكڕەنگ بن و هەر بڕیارێك پێتان باش بوو، بیدەن".

بارەگای بارزانی دەڵێت "سەرۆك بارزانی هیوای خواست بارودۆخێك دروست بێت كە بتوانن بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیران و بە یەكگرتوویی ڕووبەڕووی تەحەدیاتەكان ببنەوە".

"ئێمە پشتیوانتان بووین بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان سێ كۆنگرە (دوو لە هەولێر و یەك لە دهۆك) ببەستن، بۆ خەبات و پێكەوەیی نەتەوەیی، بەڵام بەداخەوە كۆسپ دروست كرا. بێگومان ڕێگەی تێكۆشانی گەل دوورودرێژە‌ و ئەوانەی دەبنە كۆسپ لەبەردەم دەستكەوتەكان باجەكەی دەدەن"، مەسعود بارزانی وا دەڵێت.

12ـەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا بە ئەمادەبوونی زیاتر لە 220 ئەندام بەڕێوە دەچێت و تیایدا 29 ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێن، دواتریش سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا هەڵدەبژێردرێت.