یەكێتی بڕگەی پارێزگای ناڕازیی لە بووجەدا جێگیر كرد و پارتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی جێهێشت

11-06-2023 03:00

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بوودجەی پەسەند كرد و فراكسیۆنی یەكێتی بڕگەی پارێزگای ناڕازیی لە بووجەدا جێگیر كرد، لە ئەگەری دابیننەكردنی بوودجە بۆ پارێزگای سلێمانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەتوانێت ڕاستەوخۆ پشكی پارێزگاكە بنێرێت. جێگیركردنی ئەم بڕگەیە لە پرۆژەیاسای بوودجەدا، فراكسیۆنی پارتیی تووڕە كرد و هۆڵی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان جێهێشت.

بڕگەی هەشت لە ماددەی 14 لە دوو خاڵ پێكهاتووە، خاڵی (أ) دەڵێت "حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، لەگەڵ خەرجكردنی شایستە دارییەكانی وەبەرهێنان بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا جێگیر كراون".

هەروەها خاڵی (ب) لە بڕگەی هەشت دەڵێت "بە پێچەوانەی ئەوەوە، پێویستە لەسەر سەرۆكوەزیرانی فیدراڵی ڕێكاری پێویست بگرێتە بەر بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی ئەلیف (أ) و دابینكردنی پارە بۆی".

پاش زیادكردنی ئەو بڕگەیە بۆ ماددەی 14 و پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی و سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنەكە هۆڵی كۆبوونەوەیان جێهێشت، پاش سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەكەی ڕاگرت.

دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا و فراكسیۆنی پارتی، گەڕانەوە بۆ هەڵی پەرلەمان و كۆبوونەوە دەستی پێ‌ كردەوە.
بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی زیادكردنی بڕگەی هەشت لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتییەوە، بە "خیانەت" ناو دەبەن و دەشڵێن "نادەستوورییە و تانەی لێ‌ دەدەین".