مەکتەبی سیاسی پارتی: بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت

11-06-2023 06:03

پەرەگراف

مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئەوان لە بوودجەدا نەهاتووە، "بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت".

دەقی ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە 

پارتیمان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان هەوڵی زۆریدا كە ماددە و بڕگەكانی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ ـی عێراقی فیدراڵ بەگوێرەی ئیستحقاقاتی دەستووری و ڕێكکەوتنی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی كابینە و،ڕێكکەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بێت و، شایستە داراییەكان بۆ حكومەتی هەرێم دابین بكرێت

لەلایەكی دیكەوە زۆر بەجدی هەوڵیدا ئەو پیلانەی کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە ئارادا بوون بۆ دەستوەردان لە سەروەری هەرێم وبچووككردنەوە و لێكترازانی قەوارەی هەرێم و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كە لە دەستووردا جێگیركراون، پووچەڵبكاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە چونكە دەبوو ئەو دەقەی بوودجە كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاریلێدرابوو دەست كاری نەكرابوایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەڤاڵانی فراكسیۆنی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کوتلەی وەزاری پارتیمان لە حكومەتیفیدراڵ بكەین كە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسانە ڕۆڵی خۆیان بینیوە و، داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەین.

مەكتەبی سیاسیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

١١ـی٦ـی٢٠٢٣