بارزانی: ئەو هەوڵە پووچەڵ كرایەوە کە دەیویست هیچ مانایەك بۆ كیانی هەرێم نەمێنێت

12-06-2023 01:47

پەرەگراف

مەسعود بارزانی بێدەنگی شکاندو دەڵێت: لە ڕێگەی دەستكاریكردنی بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجە ویستیان وا بكەن هیچ مانایەك بۆ كیانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت. بەڵام ئەو هەوڵە نابەرپرسانەیە سەری نەگرت و پووچەڵ كرایەوە.

"ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەكان وهەروەها هەموو ئەوانە لادا كە نە ڕێز لە بەڵێن و ئیمزاكانیان دەنێن و نە ڕێزی بنەماكانی دەستووریش دەگرن" مەسعود بارزانی وادەڵێت.

سەرۆکی پارتی دەشڵێت "لە بەرانبەر هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژی و بێباكییەك بۆ تێكدان و نەهێشتنی هەرێمی كوردستان بە توندی دەوەستینەوە. بە لای ئێمەوە هەرێمی كوردستان نەك تەنیا هێڵی سوورە بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە".

دەقی پەیامێك لە مەسعود بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی داخێكی زۆرە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵێكی نابەرپرسانە و پێچەوانەی دەستوور بۆقووڵكردنەوەی كێشەكان و پێشێلكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەبوو. هەموو لایەك ئاگادارن كە پێشتر گفتوگۆ و ڕێككەوتنیبنیاتنەر لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئاراستەی نەهێشتنی كێشەكان لە ئارادا بوو. هەروەها حكوومەتیفیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە دەرئەنجام و ڕێككەوتنی زۆر باش و ئیجابی گەیشتبوون بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەربكرێن و هەموو لایەك خزمەتی سەقامگیریی وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵك بكەن، كەچی بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی بە نەفەسێكینكۆڵیكارانە و نابەرپرسیارانە لەڕێگەی دەستكاریكردنی بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجە ویستیان وا بكەن هیچ مانایەك بۆ كیانی هەرێمیكوردستان نەمێنێت. بەڵام ئەو هەوڵە نابەرپرسانەیە سەری نەگرت و پووچەڵ كرایەوە. ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەنجوومەنینوێنەرانی عێراق پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەكان و هەروەها هەموو ئەوانە لادا كە نە ڕێز لە بەڵێن وئیمزاكانیان دەنێن و نە ڕێزی بنەماكانی دەستووریش دەگرن.

ئێستاش كە پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەسەند كراوە، هیوادارم ئەوەی هەیە بە نیەتێكی پاك جێبەجێ بكرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان، موڵكی گەلی كوردستان و بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلی كوردستانە. لەبەرانبەر هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژی و بێباكییەك بۆ تێكدان و نەهێشتنی هەرێمی كوردستان بە توندی دەوەستینەوە. بە لای ئێمەوەهەرێمی كوردستان نەك تەنیا هێڵی سوورە بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە.

مسعود بارزانی

11ی حوزەیرانی 2023