یەکێتی: بۆ ئەم قەوارەیە ٢٤ هەزار شەهیدمان بەخشیوە

12-06-2023 09:23

پەرەگراف

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی پەسەندکردنی بوودجەو لێکەوتەکانی بڵاوکردەوەو دەڵێت "بۆ ئەم قەوارەیە ٢٤ هەزار شەهیدمان بەخشیوە و هیچ هێزێک ناتوانێ موزایدەی نیشتمانپەروەری بە ئێمە بفرۆشێتەوە".

"یەکێتی ریزەکانی گەلەکەمان، تەبایی و یەکهەڵوێستی هێزە سیاسیەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان رێگا راستەکەیە بۆ بەهێزی قەوارەی هەرێم و خزمەتکردنی گەلەکەمان" فراکسیۆنی یەکێتی وادەڵێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

پەیامێک بۆ گەلی خۆراگری کوردستان

ئەمشەو یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو پەسەند کرا، فراکسیۆنەکەمان بێدرێغ هەوڵیدا بەشی زۆری شایستە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بچەسپێنێ.

سەبارەت بە پرسی نەوت و پشکی هەرێم، سەرباری ئەوەی لەگفتوگۆ و رێکەوتنی وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق ئێمە تێیدا بەشدار نەبووین، بەڵام پێداگر بووین ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان باشە وەک خەڵک و قەوارە دەستەبەری بکەین.

دابینکردنی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان و پرۆژەکانی بوژانەوەی پارێزگاکان و ئەو پلە وەزیفیانەی بەر هەرێم و ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان کەوتوون خاڵی ئەرێنین و بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە و رێکەوتنەکان کۆتایی بەقەیرانی چەند ساڵەی مووچە دێت.

گرەنتی بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری لەدابەشکردنی داهاتی هەرێم و ئەولەویەت بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشینان، خاڵێکی گرنگە و بەێچەوانەی پروپاگەندەی سیاسی پارتی، دەستەبەرکردنی دادپەروەری و دڵنیایی لە مووچە و گوزەرانی خەڵک هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات، نادادپەروەری و گەندەڵی و قووڵبونەوەی کێشە ناوخۆییەکان مەترسی جددیین لەسەر هەرێم.

یەکێتی یەکەم هێزی کوردستانی بوو فیدرالی کردە بەدیلی حوکمیزاتی و لە پەرلەمانی کوردستان سەلماندی و لەدەستوریشدا سەرۆک مام جەلال بەهاوبەشی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی ئەوکاتەی کوردستان سیستمی فیدرالی بۆ عێراق چەسپاند.

بۆ ئەم قەوآرەیە ٢٤ هەزار شەهیدمان بەخشیوە دەیان هەزار پێشمەرگەو تێکۆشەرمان بوونەتە قوربانی و خەباتیان بۆکردوە، هیج هێزێک ناتوانێ موزایدەی نیشتمانپەروەری بەئێمە بفرۆشێتەوە.

سەبارەت بەپاشکەوتی مووچە، ئێمە لە لیژنەی داریی چەسپانمان بەڵام بەداخەوە بەبریاری سیاسی لابرا، دواتریش لەگەڵ پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ دەقێکی ترمان پێشکەش کرد، خرایە دەنگدانەوە سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند دەنگی پێویستی نەهێناوە، هەرچەندە ئێمە داوا دەکەین پێداچوونەوە بکرێ بە ڤیدیۆی ساتی دەنگدانەکە و راستیەکان ئاشکرا بکرێ لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆرەوە، چونکە سەرباری ئەوەی هەموو پەرلەمانتارانی کورد ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاری تری هاوسۆزمان دەنگیان  بۆدا.

بەداخەوە هێزە سەرەکیەکانی عێراق بەشێکیان دژی ئەوەبوون لە پارەی عێراق تەرخان بکرێ بۆ گێرانەوە تەنانەت رازیش نەبوون لە زیادەی نرخی نەوتی فرۆشراو بدرێتەوە.

بۆ گواستنەوەی  زیاتر لە ١٥ هەزار مامۆستا و وانەبێژی کەرکوک کە مووچەیان لەسەر هەرێمە بۆسەر عێراق، دژایەتی گەورەی کراو رێگەش نەدرا بخرێتە دەنگدانەوە.

لەکۆتاییدا، رایدەگەیەنین لەناو پەرلەمانی عێراق وەک ژمارە و وەک پێکهاتەکەی کورد ئەوە دۆخێتی. جەختدەکەینەوە درێغی ناکەین لە راپەراندنی ئەرکەکانمان لە بەغدا، وەفاداری متمانە و ڕەنج و خۆراگری و قوربانیتان دەبین.

یەکێتی ریزەکانی گەلەکەمان، تەبایی و یەکهەڵوێستی هێزە سیاسیەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان رێگا راستەکەیە بۆ بەهێزی قەوارەی هەرێم و خزمەتکردنی گەلەکەمان.

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی

لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق