نێچیرڤان بارزانی: پێشوازى لە پەسەندکردنی بودجەی عێراق دەکەین و ئەوەی بینیمان مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌

13-06-2023 01:39

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، پێشوازیی لە پەسەندکردنی بوودجەی سێ ساڵی عێراق دەکەن و نیگەرانن لە ھەڵوێستی ھەندێک لەپەرلەمانتاران و ئەوەی لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش ڕوویدا "مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌ و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییه‌ى سه‌لماند كه‌دابه‌شبوونى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان زيان به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێم

پێشوازى لە پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵيی عێراق دەکەین. هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشكه‌وتنى ئابوورى و سەقامگیريی سياسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بكات. دەستخۆشی لە هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ين کە دڵسۆزانە بۆ بەرژەوەنديی هاووڵاتیيان و یەکسانيی خەڵکی عێراق کاریان کرد.

جێگەی داخه‌ لە گفتوگۆکانی په‌رله‌ماندا، هەندێ له‌ پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمیکوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد. ئه‌وه‌ى ڕوويدا له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى ڕێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدانايه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ئاراسته‌ و شێوه‌يه‌ له‌ كاركردن، خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ى سياسى و دۆخ و داهاتووى عێراق ناكات.

پێويسته‌ ياساى بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و ڕەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسيیدەستووری و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكات و ماف و بەرژەوەندیيەکانيان بپارێزێت. ده‌بێ دڵنیایيی تەواو هەبێ لەوەی شايسته‌ داراییيەکان ومووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن.

ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیمان، مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌ و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییه‌ى سه‌لماند كه‌ دابه‌شبوونى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان زيان به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت. وێڕاى ئه‌مه‌ش بە ویستى سیاسيی هاوبەش و به‌ ڕەچاوکردنی بەرژەوەنديیگشتی، دەتوانین ئه‌مه‌ بکەینە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی متمانەى نێوانمان، ڕێکخستنەوەی باشترى ناوماڵی خۆمان، خاوکردنەوەی گرژیيەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان.