عەلی باپیر: پارتی زیانێكی گەورەی بەسومعەی پەرلەمان‌و قەوارەكەمان‌و خۆیشی گەیاند

07-05-2020 08:25

پەرەگراف

عەلی باپیر ھەڵوێستی خۆی لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان و ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر ڕاگەیاند و دەڵێت: پارتی زیانێكی گەورەی بەسومعەی پەرلەمان‌و قەوارە سیاسییەکەمان‌و خۆیشی گەیاند.

په‌یامێك له‌ ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌وه‌ 

بسم الله الرحمن الرحیم
ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتیی

بەپێویستم زانی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە چەند سەرنجێك بخەمەڕوو:
لەلای هەمووان ئاشكرایە هەرێمی كوردستان‌و عێڕاقیش بەبارودۆخێكی زۆر هەستیارو دژواردا ڕەت دەبن، كە پێویستیمان بە هەرچی زیاتر پاراستنی تەبایی‌و یەكڕیزیی هەیەو، گرێدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان لەم هەل‌و مەرجەدا كە خەڵك‌و جەماوەر چاوەڕێ‌ی چارەسەركرانی گرفت‌و كێشەكانی گوزەرانیان دەكەن، بەمەبەستی لابردنی پارێزبەندیی (حصانە) لەسەر چەند پەرلەمانتارێك شتێكی سەیرو نالۆژیكییە!

بێگومان هیچ كەس نكووڵیی لەجێ‌بەجێ‌كردنی یاسا ناكات‌و ئێمەش گرفتاری پێشێلكرانی یاساین، بەڵام یاسا نابێ‌ بە بانێكەو دوو هەوا پیادەبكرێ‌‌و وەك لاستیك بەكەیفی خۆت بەرەولای بەرژەوەندییەكانتی بكێشێ‌‌و، ئەگەر زانیت قازانجتە پەنای بۆ بەری‌و، ئەگەر زانیشت بۆت باش نیە پێشێلی بكەی!

ئێمە هەرگیز لەگەڵ لابردنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران نەبووین‌و نابین، مادام بەهۆی ڕەخنەگرتن‌و قسكەكردنەوە بێ‌، چونكە ئەوە مانای بێدەنگ كردنی پەرلەمانتارانەو پەكخستنی گرنگترین كاروچالاكییانە كە ڕەخنە گرتن‌و چاودێریی كردنی حكوومەت‌و دام‌و دەزگاكانە.

لێرەوەش زۆر سوپاس‌و دەستخۆشیی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان‌و سەرجەم فراكسیۆنە هاودەنگەكانیش دەكەم، كە كە ئامادەنەبوون مل بدەن بۆ ئەو هەوڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێموایە زیانێكی گەورەی بەسومعەی پەرلەمان‌و قەوارە سیاسییەكەمان‌و خودی خۆیشی گەیاندو، درزێكی سیاسیی گەورەی پەیداكرد.

جێ‌ی سەرسوڕمانیشە كە پارتی دوێنێ‌ گوێ‌ی بەداواكاریی حەوت فراكسیۆنی جۆراوجۆری پەرلەمان نەدا، بۆ چاوپێداگێڕانەوەی ئەو هەوڵ‌و هەنگاوەی، ئایا ئەو لایەنەی لەهەموو كەس‌و لایەنێك "بەحەق یان ناحەق" لەم وڵاتەدا زیاتر بەهرەمەندە نەدەبوو بەتەنگ پاراستنی تەبایی‌و یەكڕیزییەوەبێ‌؟!.

هیواداریشم هیچ كەس گرەو لەسەر ئەوە نەكات كە كۆمەڵی ئیسلامیی لەژێر زەخت‌و فشاردا دەستبەرداری هەڵوێستە مەبدەئییەكانی بێت، بەتایبەت وەدەنگ هاتن لەسەر بەرژەوەندیی گشتیی‌و بەرگریی لەچینی هەژارو نەدار.

كاك سۆران عومەریش كادیرێكی دڵسۆزو كارای كۆمەڵی ئیسلامییەو، هیچ كات لاریی نەبووە لە ئامادەبوون لەبەردەم دادگادا گرنگ ئەوەیە دادگاییەكی دادگەرانەو بێ‌ غەرەز بكرێ‌.

برای دڵسۆزتان: عەلی باپیر
7/5/2020
14/ رەمەزانی/144