مەسرور بارزانی: ئاواتمان ئەوەیە لە دووساڵی داهاتوودا فەرمانبەران بە سیستمی دیجیتاڵی مووچە وەربگرن

14-06-2023 02:49
مەسرور بارزانی لەکاتی وتارەکەیدا لە کردنەوەی بینای بانکی جیهان لە هەولێر، ١٤-٦-٢٠٢٣

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ئاواتیان ئەوەیە لە دووساڵی داهاتوودا سەرجەم فەرمانبەران لە سیستمی (هەژماری من) جێگیر بکرێن و بە دیجیتاڵی مووچە وەربگرن. ئەوە لەکاتێکدایە دابەشکردنی مووچە ماوەی چەند ساڵێکە کێشەیەکی سەرەکیی حکومەتی هەرێمەو چەند کەسێک لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەکانیان گیانیان لەدەستداوە، ئێستاش کە ناوەڕاستی مانگی شەشە هێشتا دیارنییە کەی مووچەی مانگی پێنج دابەش دەکرێت.

 سەرۆکی حکومەت لە میانی کردنەوەی بینای بانکی جیهان لە هەولێر، ڕایگەیاند "لەم کابینەیە گرنگییەکی زۆرمان داوە بەوەی کە بتوانین ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین، کۆڵەکەی سەرەکی بەهێزکردنی ئابووری کوردستانیش سیستمی بانکییە".

بانکی جیهان و حەوت بانکی دیکە بەشدارن لە پڕۆژەی (هەژماری من) کە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، مەسرور بارزانی وتی "ئەم پڕۆژەیە بەدیجیتاڵکردنی سیستمی وەرگرتنی مووچەیە، لە سەرەتاوە، هەروەکو پێشتریش باسمان کردووە بۆ دوو ساڵی داهاتوو ئاواتمان وایە هەموو فەرمانبەرانی حکومەت بتوانن لەو سیستمەدا جێگیر بکرێن".

سەرۆکی حکومەت وتیشی "لە هەمانکاتدا لەگەڵ هەموو بانکەکانی تریش قسە بکەین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتی لە دەرەوەی کەرتی گشتیش بتوانێت لەم پڕۆسەیەدا بەشداربن، ببن بە خاوەنی هەژماری من لە بانکەکانی کوردستاندا، کە بێگومان لەو کاتەدا پەیوەندییەکی پتەوتر لەنێوان هاووڵاتی و بانک دروست دەکرێت. بانک نابێت تەنها شوێنی حەواڵەکردنی پارە بێت، بەڵکو دەبێت بە دامەزراوەیەک هەم زیاتر یارمەتی هاووڵاتی بدات و هاووڵاتیش بتوانێت سوود لە ئەو هەموو ئیمکانییات و سوودانەی بانکی وەربگرێت بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خۆیان".

"ئێمە لە حکومەت زۆر پێداگیری دەکەین لەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان بە ستاندارد بکرێت بۆ ئەوەش لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیش لە پەیوەندیداین و ئەوانیش یارمەتیدەری ئێمە بوون و داواشیان لێدەکەم ئەو پڕۆسانە بۆ یارمەتیدانی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستاندا خێراتر بکەن" مەسرور بارزانی وای وت.