بەغدا 400 ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد و یەكشەممە مووچە دابەش دەكرێت

15-06-2023 05:11

پەرەگراف

بەغدا ٤٠٠ ملیار دینارەكەی بۆ هەرێم نارد و ڕۆژی یەكشەممە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێكەوتی ١٥-٦-٢٠٢٣، بڕی چوارسەد ملیار دینار لە ڕێگای بانكی ڕەشید و ڕافیدەینەوە گەیشتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق".

وەزارەتی دارایی دەشڵێت "ڕۆژی یەكشەممە ١٨-٦-٢٠٢٣، بە وەزارەتی تەندروستی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایار دەكرێت".

ناردنى ٤٠٠ ملیار دینارەکە لەلایەن بەغداوە لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێکە پرۆژەیاساى بوودجە پەسەند کراوە و کۆى بوودجەى هەرێم ٢٠ ترلیۆن دینارە، ١٥ ڕۆژ لەبەردەم سەرۆککۆماردایە بۆ واژووکردنى، دواتر دەچێتە بوارى جێبەێکردنەوە، هەروەها جێبەجێکردنى پێویستى بە دەرکردنى ڕێنمایى لەلایەن وەزارەتى داراییەوە هەیە.

ئەگەر هیچ ئاستەنگ و کێشەیەکى بۆ نەیەتە پێش، پێشبینى دەکرێت لە مانگى داهاتوودا پرۆژەیاساکە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

کۆى مووچەى مانگانەى مووچەخۆرانى هەرێم بە فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینەوە ٩١٠ ملیار دینارە، لە پرۆژەیاساکەدا ٩٠٦ ملیار دینار بۆ مووچە دابین کراوە، هەروەها پارەیەکى زۆر زیاتر لەوەى کە حکومەتى هەرێم لە ساڵانى ڕابردوودا بۆ پرۆژەکانى دابین کردووە، لە پرۆژەیاساکەدا دابین کراوە، نیوەى داهاتى دەروازە سنوورییەکان و کۆى داهاتى باج و ڕسووماتیش بۆ حکومەتى هەرێم دەمێنێتەوە.