مەسرور بارزانی: نابێ چیتر پڕۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و پێویستە لەمساڵدا ئەنجام بدرێت

15-06-2023 06:45

پەرەگراف

مەسرور بارزانی جارێکی دیکە جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوەو دەڵێت، نابێ چیتر دوابخرێت و پێویستە لەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

ئەو وتانەی سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ شاندێكى سه‌ربازيى به‌ريتانى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى مارشاڵ سامى سامپسن گه‌وره‌ ڕاوێژكارى به‌رگريى ئەو وڵاتە و ڕۆزی كه‌يڤ كونسولى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال کردووەو مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا کردووەتەوە.

"تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانمان، تایبەت بوو بە پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، لەم ڕووەوە، هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی نابێ چیتر پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و پێویستە لەمساڵدا ئەنجام بدرێت. دووپاتمان کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەی هەموو هاریکاری و هەماهەنگییەکە بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

سەرۆکی حکومەت دەشڵێت "بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کۆتاییهێنان بە شاڵاوی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد لەم ناوچانە، هەروەها پشتگیریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، چەند لایەنيکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەمان بوو".

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیارو یاسا دەرکراوەکانی پەرلەمانی لە ماوەی دڕێژکردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە کە یەکێکیان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بوو، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت لەلایەن کۆمسیۆنی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت.

بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی ڕابردوو شاندێکی سەرۆکایەتی ھەرێم سەردانی بەغدادی کردو لەگەڵ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق کۆبوونەوەو پرسی  ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەیەکیان بۆ ئەنجامدانی تاوتوێ کرد.