نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمیسیۆن: هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن

15-06-2023 07:10

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەوە و دەڵێت "هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن".

كۆبوونەوەكە لە سەرۆكایەتیی هەرێم و بە بەشداریی جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوە چووە. تێیدا كۆمسیۆن ئامادەیی نیشان داوە "دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات".

سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە بەڕێزیان ئامادەیی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی".

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێم:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/6/2023 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە كە لەسەر بانگهێشتی بەڕێزیان بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی هەولێریان كردووە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێزان خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە بەڕێزیان ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی.

لای خۆیەوە خاتوو جینین پلاسخارت و تیمی یۆنامی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند و ئامادەیییان نیشان دا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن.

دواتر بەڕێز سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و ئەنجومەنی كۆمیسیاران، سوپاسی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بانگهێشت وگرنگیدان بە ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ، هەروەها ئامادەییان نیشان دا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێوە ببەن. لەمبارەیەوە بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.