پەكەكە ناسنامەی سێ شەهیدەكەی زینی وەرتێی ئاشكرا كرد

08-05-2020 03:47
ئاگری قەندیل - سیپان شاهین - خەیری گارزان

پەرەگراف

هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە- باڵی سەربازیی پەكەكە)، ناسنامەی ئەو سێ گەریلایەی ئاشكرا كرد كە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو لە بۆردومانێكی توركیا لە زینی وەرتێ شەهید كران.

گەریلاكان خەڵكی باكور، ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوای كوردستانن، لە بارەگایەكی پەكەكە لە زینی وەرتێ 15-4-2020 بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كرانە ئامانج، ئەو بارەگەیە لە نێوان دوو بارەگای هێزی پێشمەرگەدا دانرابوو چەند سەد مەترێك لە یەكەوە دووربوون كە یەكێكیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەو ئەوەی دیكەیان هێزەكانی 70ی یەكێتی بوو.

ناسنامەی شەهیدەكان؛ تەكمیل داڵمیش(نازناو: خەیری گارزان) ساڵی 1976 لە ناوچەی هەزۆی ئێلح لە باكوری كوردستان لە دایك ساڵی ٢٠٠٨ چووە ڕیزی گەریلاكانی پەكەكە.

حەكیم خونجاهان(نازناو: ئاگری قەندیل) لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووەو ساڵی 2017 بەشداریی لە ڕیزەكانی گەریلادا كردووە.

خەبات جاسم(نازناو: سیپان شاهین) لە ساڵی 1992 لە شاری سەرێكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەدایكبووەو ساڵی 2012 بەشداری لە ڕێزەكانی گەریلادا كردووە.

لە زینی وەرتێ چی ڕوویدا؟

جێگیركردنی هێزە جیاوازەكان لە زینی وەرتێ، ئاڵۆزیی لە نێوان پەكەكەو یەكێتی‌و پارتی دروست كرد، هێرشی تووندیان كردەسەر یەكتریی تا ڕادەی ئاڕاستەكردنی تۆمەتی قورس.

كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە- چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) هێرشی تووندی كردەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان‌و تۆمەتباری كرد بە كاركردن لە چوارچێوەی پلانێكی توركیا دژی پەكەكە.

لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییەكاندا، مەسرور بارزانی ڕەتیكردەوە جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی دیكە ڕەوانەی ئەو ناوچەیە كرابێت‌و ئاڵۆزییەكانی بەستەوە بە ئاڕاستەیەكی ناو یەكێتی‌و بە "یاخیبوونی تاقمێكی دیاریكراو بەرامبەر بە حكومەت" لە قەڵەمی دا.

لایخۆیەوە مەكتەبی سیاسی داوای لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد وەك فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە، بەپەلە فەرمانی كشاندنەوەی گشت هێزەكان لە زینی وەرتێ بدات‌و ئاسایشی ناوچەكە بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.

ئاڵۆزییەكانی زینی وەرتێ؛ هەڵوێستی پەكەكە، حكومەتی هەرێم، پارتی‌و یەكێتی