تەندروستی سلێمانی نۆ ڕێنمایی بڵاوکردەوە بۆ دووربوون لە تای خوێنبەربوون لەکاتی قوربانیکردندا

16-06-2023 03:27

پەرەگراف

لە جەژنی قورباندا بەهۆی قوربانیكردنی ئاژەڵەوە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون زیاترە، داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت ڕێكارەكانی خۆپارێزیی بگرنە بەر، بۆ ئەو مەبەستەش تەندروستی سلێمانی نۆ ڕێکاری بڵاوکردەوە.

تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسیی کوشندەیە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ئەمساڵ تا ئێستا چوارحاڵەتی گیان لەدەستدان لە ھەرێم و حاڵەتێک لە کەرکوک تۆمار کراوەو لە سەرجەم شارەکانی عێراقیش تووشبوو ھەن.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، دوێنێ هۆشداریی دایە هاووڵاتیان كە ڕێكارەكانی تەندروستی بگرنە بەر و وتی "پەتاكە دەرمانەكەیگرانە، ئەو كەسەی تووش دەبێت، لە ماوە 10 ڕۆژدا پێویستی بە زیاتر لە 280 دەرزی هەیە و هەر دەرزییەكیش نرخی لە سەروو 500 دۆلارەوەیە، بەم توانا كەمەی كە ئێستا لە نەخۆشخانەكانی ئێمەدا هەیە، زۆر زەحمەتە كە بتوانین چارەسەری ئەو نەخۆشییانە بكەین".

ئەمڕۆش تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: بۆ دووربوون لەنەخۆشی تای خوێنبەربوون پێوستە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانی ئەم ڕێنماییە زانستیانە جێبەجێ بکرێن:

۱- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگە پێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەی سەرپەرشتی دەکات.

۲- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵدا وە کەوڵکردن وەیان پارچە پارچەکردنی گۆشتەکەیدا پۆشینی جل وبەرگی خۆپارێزی  وك ( دەستکێش ،جزمە،سەدریەی  پلاستیك ، ماسکی دەمووچاو ) پێویستە لەبەرکرێن.

۳- نابێت خانەوادە یان خەڵک کۆ ببنەوە لەچواردەوری سەربڕەکە (قەساب) وە نابێت هاوکاری بکەن لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچەکردنی گۆشت.

٤- بەبێ دەستکێش مامەڵە کردن لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەکە وە دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکە و پاشان دەستت بەباشی بشۆ.

٥- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان ودانانی کیسی داخراو فڕێدانی بۆشوێنی تایبەت.

٦- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بەگۆشت وەشتن و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

۷- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕێت و بەتایبەت ئەوشوێنانەی خوێنی لێیە بەماددەی کلۆریین (بلیچ- موعجیزە)  ڕوونکراوە.

۸- باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى - ٨ )پلەى سەدى هەڵبگيرێت پاشان بەكاربهێنريت. بەڵام گۆشتی کوڵاو  هیچ کێشەی نیەو سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بەنەخۆشی تای خوێن بەربوون.

۹- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە نەيكڕيت يان سەري نەبڕێت بو دوربوون لە نەخۆشى تاى خوين بەرببوون. ئەم نەخۆشیە لەنێوان ئاژەڵەکان دەگوازرێتەوە، وە بۆ مرۆڤیش، بەهۆی گەنە و مێروەکانی کە لەسەر ئاژەڵەکان دەژین وەبەهۆی خوێن و گۆشتیئاژەڵەکەوە دەگوازرێتەوە.

ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ب.گ.تەندروستی سلێمانی