کونسوڵخانەی ئەمەریکا: داوامان نەکردووە ڕێگە بە تۆمارکردنی ڕێکخراوی هاوڕەگەزخوازان بدرێت

17-06-2023 10:14

پەرەگراف

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر ڕایگەیاند، داوایان لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان نەکردووە ڕێگە بە تۆمارکردنی ڕێکخراوی هاوڕەگەزخوازان بدات، دەشڵێت: ئێمە پشتیوانی لە مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ بۆ هەمووان دەکەین.

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە لێدوانێکی نووسراودا کە بۆ پەرەگراف نێردراوە دەڵێت "هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندن هەواڵێکیان بڵاو کردەوە گوایە لە کۆبوونەوەی  ٨ ی حوزەیراندا کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا داوای لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان کردووە ڕێگە بەتۆمارکردنی ڕێکخراوی هاوڕەگەزخوازان بدات. سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە پشتیوانی لە مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ بۆ هەمووان دەکەین، بەڵام ئەو هەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە دوورە لە ڕاستیەوە".

دۆخی ھاوڕەگەزخوازان لە ھەرێمی کوردستان پرسێکی ھەستیارەو جێگەی سەرنجی نوێنەرایەتی وڵاتان و چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەو بەردەوام داوای پارستنی مافەکانیان دەکەن.

كۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازیی لە كوردستان، لەكاتێكدا هیچ یاسایەك نییە پارێزگارییان لێبكات، ھەندێکجار لەیەككاتدا ڕوبەڕوی "قەدەغەیئایین" و دژایەتی خەڵك و هێزە ئەمنییەكان دەبنەوە.

هاوڕەگەزخواز، بەهۆی ڕەنگە جیاوازەكانی ئاڵاكەیانەوە بە كۆمەڵگەی پەلكەزێڕینە ناودەبرێن و كورتكراوەی (LGBTQI)یان بۆ بەكاردێت وئاماژەن بۆ هاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕ، ڕەگەزجێگۆڕ و جووتڕەگەز.

لە عێراق و هەرێمی كوردستان، هیچ دەقێكی یاسایی نییە بۆ كۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازی.

بەپێی یاسا بەركارەكانی عێراق و هەرێم هاوسەرگیری لەنێو هاوڕەگەزخوازاندا ڕێگەپێدراو نییە، چونكە هاوسەرگیری تەنیا وەك پەیوەندینێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پۆلێنكراوە.