گۆڕان: لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵات هاوپەیمانیی ناکەین بۆ هەڵبژاردن

17-06-2023 10:45

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، لە هەوڵی ئاشتکردنەوەی ناڕازییەکاندان و لەگەڵ هیچ حیزبێکی دەسەڵات هاوپەیمانیی ناکەن بۆ هەڵبژاردن.

گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند، گۆڕان ئەبێت هەڵسەنگاندن بۆ كۆی هەڵوێست و بڕیارە سیاسیەكانی خۆی بكات کە بۆچی گەیشتووە بەم ئاستەی ئێستا تێیدایە.

دەشڵێت "رەنگە بڕیاری هەڵە درابێت یەكێك لەو بڕیارە هەڵانە ئەو هاوپەیمانێتیە بێت كە لەگەڵ یەكێتی كردمان، ئێمە بە هاوپەیمانێتی ناچینەناو هیچ هەڵبژاردنێكەوە، ئەگەر هاوپەیمانێتیش بكەین لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییەكان دەكەین".

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی گوڵستان سەعید

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیارو یاسا دەرکراوەکانی پەرلەمانی لە ماوەی دڕێژکردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە کە یەکێکیان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بوو، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندەبێت لەلایەن کۆمسیۆنی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت.

بۆ ئەو مەبەستەش ١٥ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەوە و ڕایگەیاند "هەرچی زووە هەنگاوبنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن".

كۆبوونەوەكە لە سەرۆكایەتیی هەرێم و بە بەشداریی جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچووە. تێیدا كۆمسیۆن ئامادەیی نیشان دا "دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات".