عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

18-06-2023 01:39

پەرەگراف

عێراق و تورکیا سبەینێ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوەو لیژنەی نەوت لە پەرلەمانی عێراق دوو پێشنیازی داوەتە وەزیری نەوت لە ئەگەری دەستپێنەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە.

باسم محەمەد عەبادی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە رۆژنامەی سەباحی حکومیی راگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ تورکیا کراوە کە رۆژی 19ـی ئەم مانگە لە بەغدا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.

عەبادی دەشڵێت "هەردوولا پەیاممان بۆ یەکدی ناردووە لەسەر ئەوەی پێویستە پابەندبین لە زووترینکاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە"، تورکیا بە عێراقی گوتووە، دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوت کاری چاککردنەوە و پشکنینی تێدا دەکرێت.

تورکیا لە ٢٥ی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوکی ڕاگرتووە ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی لە پاریس کە بڕیاریدا بە پێدانی یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو لەلایەن تورکیاوە بە عێراق بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

بۆریی هەناردەی نەوت ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکی هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرد، زیانی ئەو نزیکەی ٣ مانگ ڕاگرتنە دەوروبەری ٣ ملیار دۆلارە کە زۆرینەی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت و ئەوەی دیکەی زیانی نەوتی کەرکوکە کە لە بودجەی عێراق کەوتووە.

هەرچەندە زیاتر لە دوو مانگە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە میکانیزمێکی نوێ و لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ دەستی پێنەکردووەتەوە و هۆکارەکەشی لایەنی تورکیایە.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق کە سەرەتای هەفتەی رابردوو لە پەرلەمان پەسەندکرا، هەرێمی کوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکات بە مەبەستی هەناردەکردن یاخود بەکارهێنانی لە ناوخۆدا ئەوەش لە بەرامبەر ناردنی شایستە داراییەکانی.

عەلی مەشکوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، لیژنەکەیان دوو پێشنیازی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق داوەتە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق.

پێشنیازی یەکەم هەناردەکردنی نەوتەکەیە لە رێگەی باشوورەوەو پێشنیازی دووەمیش بەردەوامەیدانە بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی هێڵی عێراق - بانیاس، تاوەکو نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سووریاوە هەناردە بکرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز جەخت دەکاتەوە کە عێراق هەموو رێکارێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیا دەگرێتەبەر، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لە داخستنی هێڵەکە، ئەوکات هەردوو پێشنیازەکە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.