پۆلیسی دهۆك: باندێك بە 570 هەزار دۆلاری ساختەوە دەستگیر كرا

18-06-2023 04:34

پەرەگراف - دهۆك

پۆلیسی دهۆك دەستگیركردنی باندێكی بە "570 هەزار دۆلار (57 دەفتەر) ی ساختەوە" ڕاگەیاند و دەڵێت "بە گەورەترین باندی ساختەكاری ئەژمار دەكرێت كە تا ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆك دەستگیر كراوە".

وتەبێژی پۆلیسی دهۆك ڕایگەیاند "ڕۆژی 18-4-2023، هاووڵاتییەك نووسینگەی نەهێشتنی ساختەكاریی ئاگادار كردەوە كە بڕی شەش هەزار و 700 دۆلاری ئەمریكیی بۆ كەسێك گۆڕیوەتەوە لە بەرانبەر دیناری عێراقی، بەڵام دەركەوتووە دۆلارەكە ساختە بووە و نەیزانیوە ئەو كەسە كێیە".

دواتر بەپێی پلانێكی پۆلیسی نووسینگەی نەهێشتنی ساختەكاری، كار بۆ ئاشكرا و دەستگیركردنی كەسەكە كراوە و "دوو ئەفسەر و چەند كارمەندێكی پۆلیس لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان هەبوو تا توانییان سێ‌ تۆمەتبار و ئەو بڕ پارە زۆرە ساختەكراوە دەست بەسەردا بگرن".

ئەو باندە ویستوویانە ئەو بڕە زۆرەی پارەی ساختە لەناو بازاڕ و هاووڵاتیانی دهۆكدا ساغ بكەنەوە.

بەپێی لێدوانی پۆلیسی دهۆك، سەرەتا تۆمەتبارێك دەستگیر كراوە كە 29 هەزار دۆلاری ساختە كردبوو و لە شوێنك حەشاری دابوو، دواتر بە دانپێدانانی ئەو، دوو تۆمەتباری دیكە و بڕێكی دیكەی دۆلاری ساختە دەستی بەسەردا گیراوە.

"یەكێك لە تۆمەتبارەكان سێ‌ تۆمەتی لەسەرە و دوانەكەی دیكە تەنیا بە تۆمەتی ساختەكاری بەپێی ماددەی 281ی یاسای سزادان تایبەت بە تاوانی ساختەكاری، دەستبەسەرن"، وتەبێژی پۆلیسی دهۆك وای وت.

وتەبێژی پۆلیس وتیشی "یەكێك لە تۆمەتبارەكان ئافرەت و دوانەكەی دیكە پیاون، تەمەنیان 22، 30 و 37 ساڵە. هەرسێ‌ تۆمەتبارەكە هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان، دوانیان خەڵكی دهۆك و ئافرەتەكە لە ئەسڵدا خەڵكی پارێزگای هەولێرە".

پۆلیسی دهۆك داوا لە هاووڵاتیان دەكات كە هەر كاتێك كارێكی نایاسایی یان دراوێكی ساختەیان بینی، پۆلیس ئاگادل بكەنەوە و بۆ ئەو مەبەستە ژمارە مۆبایلەكانی پۆلیسی دهۆك "104 و 140" بەردەوام لە كاردان.