بریكاری وەزارەتی كارەبا: لەگەڵ زیادكردنی نرخی هەر كیلۆواتێك كارەبا نیم بۆ 156 دینار

18-06-2023 08:35
كامیل قەزاز، بریكاری وەزارەتی كارەبا

پەرەگراف

بریكاری وەزارەتی كارەبای هەرێم سەبارەت بە سیستەمی پریپەید و گرانكردنی نرخی كارەبا، ڕایدەگەیەنێت "ئەو پڕۆژەیە لەژێر سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی وەزیراندا جێبەجێ دەكرێت". دەشڵێت "من وەكوو خۆم لەگەڵ زیادكردنی نرخی كارەبا نیم بۆ نرخی بازرگانی كە (156) دینارە".

هەواڵی زیادكردنی نرخی هەر كیلۆواتێكی كارەبای ماڵان لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار، كە دەكاتە نزیكەی نۆ هێندەی نرخی پێشووی، لە ماوەی ڕابردوودا كاردانەوە و نیگەرانیی هاووڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەرچەندە وەزارەتی كارەبا دەڵێت تەنها لە "سیتییە گرانبەهاكان" نرخ گران كراوە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە كە لە داهاتوودا بەسەر كۆی هاووڵاتیاندا جێبەجێ‌ بكرێت.

گرانكردنی نرخی كارەبا بووەتە جێگای مشتومڕ لەناو وەزارەتی كارەبا و وا دەردەكەوێت كە گفتوگۆكان بەو ئاراستەیەن كە بەسەر هەموو هاووڵاتیاندا جێبەجێ‌ بكرێت. كامیل قەزاز، بریكاری وەزارەتی كارەبا، بە سایتی (گۆڕان)ی وتووە "من لە كۆبوونەوەی وەزارەتیش ئاماژەم بەوە كردووە بە باشی دەزانین كە نرخی پێشنیازكراو بۆ (100) دینار كەم بكرێتەوە، بە مەرجێك بتوانرێت كارەبای 24 كاتژمێری دابین بكرێت و هاووڵاتی یەك پارەی كارەبا بدات".

وەزارەتی كارەبا 26-5-2023 لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند "دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر كیلۆواتێكی كارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار دوورە لە ڕاستییەوە و كرێی كارەبا بۆ هاووڵاتیان لە هەموو شوێنێك بە بازاڕ و سیتییە ئاساییەكانیشەوە هەمان نرخی جارانە و وەكوو خۆیەتی".

بەڵام وەزارەتی كارەبا نەیشاردەوە كە لە "سیتییە گرانبەهاكان" كە سیستەمی پریپەید (كارەبا بە كارت)یان تێدا جێبەجێ‌ كراوە و "كارەبایەكی 24 كاتژمێرییان هەیە و موەلیدەی ئەهلییان نییە"، بڕیاری داوە "هەر كیلۆواتێكی كارەبا بە 156 دینار ئەژمار بكرێت".

سەبارەت بە سیستەمی پریپەیدیش كە بەكارتكردنی كارەبایە و ئێستا حكومەتی هەرێم سەرقاڵی جێبەجێكردنیەتی، وەزارەتی كارەبا ڕەتی دەكاتەوە ببێتە هۆی گرانبوونی كارەبا و دەڵێت "تەنیا بۆ زیاتركردنی كاتەكانی پێدانی كارەبایە".

لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتەكە نایشارێتەوە كە ئامانجێكی بە پریپەید (كارت) كردنی پێدانی كارەبا "چارەسەركردنی گرفتی قەرزی كارەبایە" و دەڵێت "بەهۆیەوە پێدانی كرێی كارەبا دەبێتە پێشوەختە".

بەپێی قسەی بریكاری وەزارەتی كارەبا، تا ئێستا (92%)ی پرۆژەی پێوەری زیرەك بۆ "كۆنتڕۆكردن و بە ئەلیكترۆنیكردنی كارەبا" تەواو بووە و بەپێی تەخمینەكان ئێستا "بەفیڕۆچوونی كارەبا لە (40%)ـەوە بۆ (30%) كەم بووتەوە، سووتانی محاویلەكانی دابەشكردنی كارەبا زۆر كەمی كردوووە".

كامیل قەزاز، بریكاری وەزارەتی كارەبا، دەشڵێت "لە بنەڕەتدا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان (4300 بۆ 4400) مێگاواتە و ژێرخانی زیاترە لە (7000) میگاوات، بەڵام بەهۆی كاری چاككردنە و صیانەوە لە ئێستادا بڕی بەرهەم دەگاتە (3500) مێگاوات، لەگەڵ ئەوەشدا لە وەرزی هاویندا و زیادبوونی خواست و داواكاری دەگاتە نزیكەی 5 بۆ 6 هەزار مێگاوات".