ڕاگەیەندراوێک لە شاندی دانوستانکاری ھەرێمەوە لەبارەی گفتوگۆکانی بودجەو نەوت لەگەڵ بەغداد

08-05-2020 08:32

پەرەگراف

شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد ڕایگەیاند: دەرئە‌نجامی كۆبوونە‌وە‌كان، لە‌سە‌ر پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و پرسی نە‌وت، ئاراستە‌ی حكومە‌تی نوێی عێراقیش كراون و گفتوگۆكان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌داھاتوودا تا گە‌یشتن بە‌ چارە‌سە‌ری گونجاو.

شاندەکە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا‌ پیداگرییان کردووە لە‌سە‌ر خەرجکردنی تە‌واوی شایستە‌ داراییە‌كانی ھەرێم.

دەقی ڕاگەیەندراوی شاندەکەی ھەرێم

لە‌ ماوە‌ی دووھە‌فتە‌ی رابردوودا، شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، چە‌ندین كۆبوونە‌وە‌ی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و لایە‌ن و حیزبە‌ سیاسییە‌كان، و ژمارە‌یە‌ك لە‌ ‌پە‌رلە‌‌مانتاران، لە ‌بە‌غدا ئە‌نجامدا، بە‌مە‌بە‌ستی گفتوگۆ كردن و چارە‌سە‌ركردنی پرسی  شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان.

بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌ش ‌دوو لیژنە‌ی دارایی و نە‌وتیی لە‌نێوان ھە‌ردوولا (حكومە‌تی فیدراڵ و حكومە‌تی ھە‌رێم) پێكھێنران كە‌ وە‌ك تیمێكی ھاوبە‌ش كاریان لە‌سە‌ر دیاریكردنی گرفتە‌كان و داڕشتنی میكانیزمێكی گونجاو و یاسایی بۆ چارە‌سە‌ر كردنیان، كاریان دە‌كرد.

كۆبوونە‌وە‌كان ئە‌رێنی بوون و خاڵە‌كانی ناكۆكی نێوان ھە‌رێم و عێراق دیاری كران و تیمە‌ ھاوبە‌شە‌كان چە‌ندین پێشنییازیان ئامادە و گە‌ڵاڵە‌ كرد، بۆ ئە‌وە‌ی ببنە‌ بنە‌مای كاركردنی پێكە‌وە‌یی تا گە‌یشتن بە‌رێككە‌وتنی تە‌واوە‌تی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی نوێی عێراق.

حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، پابە‌ندی خۆی نیشاندا لە‌سە‌ر پرسی نە‌وت و ئیلتزاماتی نە‌وتی ھە‌رێم بە‌مە‌بە‌ستی گە‌یشتن بە‌ڕێكە‌وتن.

ھە‌روە‌ھا شاندی دانوستانكار پێداگری لە‌سە‌ر شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان كردووە‌ و بە‌تایبە‌ت پرسی مووچە‌.

دە‌رئە‌نجامی كۆبوونە‌وە‌كان، لە‌سە‌ر پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و پرسی نە‌وت، ئاراستە‌ی حكومە‌تی نوێی عێراقیش كراون و گفتوگۆكان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌داھاتوودا تا گە‌یشتن بە‌ چارە‌سە‌ری گونجاو.

ئاشكرایە‌، ئە‌و بودجە‌یە‌ی كە‌ لە‌ حكومە‌تی فیدراڵە‌وە‌ دە‌ھاتە‌ ھە‌رێم لە‌ ساڵی ٢٠١٩ و لە‌ سێ مانگی یە‌كە‌می ٢٠٢٠، نیوە‌ی ئە‌و بودجە‌یە‌ دە‌كات، كە‌ حكومە‌تی ھە‌رێم دە‌یدات بە ‌مووچە‌خۆرانی ھە‌رێم، بۆیە‌ پیداگری كرا لە‌سە‌ر خەرجکردنی تە‌واوی شایستە‌ داراییە‌كان.

شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان

8/5/2020