وەزیری تەندروستی: لە عێراق ٦٩ و لە هەرێم پێنج تووشبووی تای خوێنبەربوون ‏گیانیان لەدەست داوە

26-06-2023 05:18

پەرەگراف

وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "لە عێراقدا ٢٦٥ حاڵەتی ‏پشتڕاستكراوەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و لە هەرێم ١١ حاڵەت تۆمار كراون، لە ‏عێراق ٦٩ تووشبوو و لە هەرێم پێنج تووشبوو گیانیان لەدەست داوە".‏

دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ‏ڕۆژنامەوانیدا زانیاری و ئامارەكانی سەبارەت بە پەتا مەترسدارەكە خستە ڕوو و وتی، تا ‏‏25ی ئەم مانگە لەسەر ئاستی عێراق 865 حاڵەتی گومانلێكراو و لە هەرێمی كوردستان ‏‏23 حاڵەتی گومانلێكراوی پەتاكە هەبوون.‏

دكتۆر سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە كرد كە نەخۆشیی تای خوێنەبەربوون لە ساڵی ‏‏1947ـەوە هەیە، بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا زیاتر ‏بڵاوە. مەترسیدرە، لەبەر ئەوەی ڕێژەی مردن تێیدا لەسەدا 50 بۆ لەسەدای 60ی ‏تووشبووانە.‏
دوێنێش وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لەپێناو كۆنترۆڵكردنی پەتای (تای ‏خوێنبەربوون)، ژمارەیەك ڕێوشێنی بۆ سەربڕینی ئاژەڵ و قوربانیكردن ڕاگەیاند و دەڵێت ‏‏"سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و پێویستە هاووڵاتیانیش ‏گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێپێدراو بكڕن".‏

وەزارەتی تەندروستی لە نۆ خاڵدا ڕێنمایی هاووڵاتیان و قەسابەكان دەكات كە "سەربڕینی ‏ئاژەڵ تەنیا لە شوێنی ڕێپێدراو بێت، لەبەركردنی جلوبەرگی تایبەت و دەستكێش لە كاتی ‏مامەڵە و سەربڕینی ئاژەڵ و دواتر پاككردنەوەی شوێنەكەی بە گیراوەی تایبەت".‏