ئێران لە پلانی پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە پێشمەرگە نیگەرانە و ‏داوای ڕوونكردنەوە دەكات

26-06-2023 11:32

پەرەگراف

ئێران داوای ڕوونكردنەوە لە هەرێمی كوردستان دەكات لەبارەی هەوڵی ‏جێگیركردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەلایەن ئەمەریكاوە لە هەرێمی ‏كوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەك كۆنگرێسمانی ئەمەریكی پشتگیری لە ‏پڕۆژەیەك دەكەن كە وڵاتەكەیان سیستمی دژە مووشەك بە هەرێمی كوردستان ‏بدات‎.‎

ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ‏ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی ئەگەری پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەلایەن ‏ئەمریكاوە بە هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان وتی "سەرنج و ‏جەختی تاران لەسەر بەرپرسیارێتیی حكومەتی ناوەندیی عێراقە و دەبێت ‏بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش لەو بارەوەیەوە ڕوونكردنەوە بدەن".‏‎ ‎

كەنعانی وتیشی"بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەبێت ئاگاداری ‏بەرپرسیارێتیی خۆیان و هەستیاربوونی كارەكانیان بن، پەیوەست بە ئاسایشی ‏سنوور و ڕەچاوكردنی سیاسەتی دراوسێیەتی".‏

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی هیچ كات ‏متمانەی بە ڕوانگە و كردەوەكانی ئەمەریكا نییە و پێی وایە واشنتن ‏بەرژەوەندیی خۆی لە ناسەقامگیركردنی وڵاتانی ناوچەكەدا دەبینێت‎.‎

ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت كە كۆنگرێسی ‏ئەمەریكا لە پڕۆژە بوودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەیدا، بڕگەیەكی زیاد ‏كردووە كە تایبەتە بە دابینكردنی سیستمی دژەمووشەكی بۆ هێزەكانی ‏پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان‎.‎

پڕۆژەی پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێم، لەلایەن دۆن بەیكن، ‏كۆنگرێسمانی كۆمارییەكان پێشكەش كراوە. ئەو كۆنگرێسمانە بە پێگەی میدڵ ‏ئیست ئای وتووە "ڕێوشوێنەكان لەلایەن هەردوو پارتی كۆماری و ‏دیموكراتەكانەوە پشتیوانییەكی بەهێزی لێ كراوە و داوا لە ئیدارەی ئەمەریكا ‏دەكەین كاری ڕاهێنان و پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەكانی ‏پێشمەرگە ئەنجام بدات، بۆ بەرگریكردن لە هێرشە مووشەكییەكان".‏

خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن ئێران و توركیاوە بە پاساوی لێدان ‏لە حیزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی بووەتەوە.‏

سوپای پاسدارانی ئێران لە مانگەكانی كۆتایی 2022ـدا هێرشەكانی چڕ ‏كردەوە و چەند جارێك بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاكی ‏هەرێمدا بە مووشەكی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژكراو كردە ئامانج‎.‎

هەوڵەكان بۆ پێدانی سیستمی دژەمووشەك و بەهێزكردنی توانای بەرگریی ‏ئاسمانیی هەرێمی كوردستان، هاوكاتە لەگەڵ فشارە بەردەوامەكانی ئەمەریكا و ‏هاوپەیمانان بۆ سەر پارتی و یەكێتی تا دەستبەرداری هێزی پێشمەرگە ببن و ‏بكرێتە هێزێكی نیشتمانی، لەو چوارچێوەیەشدا چاودێریی پڕۆسەیەكی ‏یەكخستنەوە و چاكسازی دەكەن لە وەزارەتی پێشمەرگە كە چەند ساڵێكە ‏بەردەوامە، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی یەكێتی و پارتییەوە، بەردەوام لەمپەری ‏بۆ دروست بووە و چەند جارێكیش هاوپەیمانان لەوبارەیەوە هۆشدارییان داوەتە ‏بەرپرسانی هەرێم‎.‎

هاوكات لەگەڵ ئەو پڕۆسەیەدا، ئەمەریكا مانگانە هاوكاریی دارایی پێشكەش ‏دەكات و مووچەی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە دابین دەكات، مانگی ٩ی ‏ساڵی ڕابردووش وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا یاداشتێكی ‏لێكتێگەیشتیان واژوو كرد، بەپێی یاداشتەكە ئەمەریكییەكان بەردەوام دەبن لە ‏هاوكاریكردن و پڕكردنەوەی پێداویستی و كەموكووڕییەكانی هێزی پێشمەرگە‎.‎