باڵیۆزی ئەمەریکاو وەزیری نەوتی عێراق گرنگیی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمیان تاوتوێ كرد

27-06-2023 09:03

پەرەگراف

ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریكا لە بەغداد لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە، باڵیۆز دەڵێت، گرنگیی کردنەوەی بۆریی ھەناردەی نەوتیان لە عێراقەوە بۆ تورکیا تاوتوێ کرد بەمەبەستی دابینکردنی نەوت بۆ بازاڕە نێوەدەوڵەتییەکان، ئەوەش لەپێناو بەھێزکردنی ئابوریی عێراق بۆ سوودی ھەموو عێراقییەکان.

باڵیۆزی ئەمەریكا لە تویتێکدا دەشڵێت، ھاوکات باسیان لە زیادبوونی بایەخی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كردووە بۆ وەبەرھێنان لە عێراق.

تورکیا لە ٢٥ی ئادارەوە بۆریی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوکی داخستووە، ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی لە پاریس کە بڕیاریدا بە پێدانی یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو لەلایەن تورکیاوە بە عێراق بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئەو بۆرییە ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکی هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرد،زیانی ئەو ٣ مانگ ڕاگرتنە دەوروبەری ٣ ملیار دۆلارە کە زۆرینەی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت و ئەوەی دیکەی زیانی نەوتی کەرکوکە کە لە بودجەی عێراق کەوتووە. 

هەرچەندە زیاتر لە دوو مانگە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەمیکانیزمێکی نوێ و لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ دەستی پێنەکردووەتەوە و هۆکارەکەشی لایەنی تورکیایە. 

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی کوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکات بە مەبەستی هەناردەکردن یاخود بەکارهێنانی لە ناوخۆدا ئەوەش لە بەرامبەر ناردنی شایستە داراییەکانی.

عەلی مەشکوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق پێشتر ڕایگەیاند، لیژنەکەیان دوو پێشنیازی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق داوەتە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق.

پێشنیازی یەکەم هەناردەکردنی نەوتەکەیە لە رێگەی باشوورەوەو پێشنیازی دووەمیش بەردەوامەیدانە بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی هێڵی عێراق - بانیاس، تاوەکو نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سووریاوە هەناردە بکرێت. 

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز جەخت دەکاتەوە کە عێراق هەموو رێکارێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیا دەگرێتەبەر، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لە داخستنی هێڵەکە، ئەوکات هەردوو پێشنیازەکە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.