لە یەک ھەفتەی بەر لە جەژندا زیاتر لە ١٠٠ ھەزار گەشتیار ڕوویان لەھەولێر کردووە

28-06-2023 10:34

پەرەگراف- ھەولێر 

پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند، لە 19 تا 27ی ئەم مانگە زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە.

ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت "پێشبینی دەکرێت ڕۆژانی جەژن ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر ببێت، لە ڕووی ئیداریی و گەشتیارییو بازگەکانەوە ڕێوشوێن گیراوەتەبەر بۆ پێشوازیی گەشتیاران".

پارێزگاری ھەولێر، سەقامگیریی ئەمنی و جوانیی سروشت و ژینگەی کوردستانی بە ھۆکار زانی کە بەھۆیانەوە لە بۆنەکاندا گەشتیاران سەردانی ھەولێرو کوردستان دەکەن.

ھاوکات ئومێد خۆشناو، داوای گرتنەبەری ڕێکارە تەندروستییەکانی کرد لەلایەن ئەو کەسانەی قوربانیی دەکەن، وتی "پارستنی ژینگەو سەلامەتیی ھاوڵاتییان ڕەنگە لە قوربانی گەورەتربن".

لە جەژنی قورباندا بەھۆی قوربانیکردنەوە مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتای تای خوێنبەربوون زیاترەو لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆشداری دەدەن.

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون كە پەتایەكی كوشندەیە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو ژمارەیەك حاڵەتی تووشبوون لە هەرێم تۆمار كراوە و پێنج تووشبوویان گیانیان لەدەست داوە.

وەزارەتی تەندروستی ڕێنمایی هاووڵاتیان و قەسابەكان دەكات كە "سەربڕینی ئاژەڵ تەنیا لە شوێنی ڕێپێدراو بێت، لەبەركردنی جلوبەرگیتایبەت و دەستكێش لە كاتی مامەڵە و سەربڕینی ئاژەڵ و دواتر پاككردنەوەی شوێنەكەی بە گیراوەی تایبەت".