زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە دهۆک لەسەر قومارکردن دەستگیر کراون لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا

28-06-2023 08:05
لەناوبردنی ئامێری تایبەت بە قومارکردن لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە.

پەرەگراف- عەممار عەزیز لە دهۆک

ساڵی ڕابردوو تا ناوەڕاستی ئەمساڵ زیاتر ٥٠٠ کەس لەسەر قومارکردن لە دهۆک دەستگیر کراون، بەشێک لە قومارچییەکانی پار، ئەمساڵیش خراونەتەوە زیندانەکان، لەبەرئەوەی بەردەوام بوون لەو کارە کە سەرچاوەی تێکدانی شیرازەی هەندێک لە خێزانەکانی ئەو پارێزگایەیە هاوشێوەی بوونی هەمان دیاردە لە شارەکانی دیکەی هەرێم.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە پەرەگرافی وت، هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی قومار دەکەن بەردەوامەو هەفتەی رابردووش دادگا بڕیاریدا بە حوکمدانی ٤ تۆمەتبار ئەوەش دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵێک ئامێری قومار کە پێکهاتبوون لە؛ ئامیری تایبەت بە قوماری رۆلێت و ئاسایی و ئەلیکترۆنی و، سندوقی فیشەکی تایبەت بە قومارکردن، سەرجەم ئەو کەلوپەلانەش لە گۆڕەپانی پۆلیسی دهۆک لەناوبران.

وتەبێژی پۆلیسی دهۆک وتیشی "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 84 سکاڵا لە بنکەکانی پۆلیس دژی قومارچی و قومارخانەکان تۆمار کراون و زیاتر لە 200 کەس بەتۆمەتی قومارکردن دەستگیرکراون".

بەپێی ئامارەکانی پۆلیس ساڵی ڕابردووش لە پارێزگای دهۆک، لەسەر هەمان دۆسیە 181 سکاڵا تۆمارکراون و زیاتر لە 300 کەس بەتۆمەتی قومارکردن دەستگیرکراون.

وتەبێژەکەی پۆلیسی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تائەمکاتە ڕێژەی قومار کەمتر بووە، بەڵام هێشتا پێنج مانگی دیکەی ئەمساڵ ماوە تا بزانرێت ڕێژەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو چۆن دەبێت، وتیشی "بەداخەوە هەندێک لەو کەسانەی دەستگیرمانکردوون، جارێکی دیکەش بەهەمانشێوە لەسەر یاریی قومار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون".

لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەك تایبەت بە ڕێكخستن یان قەدەغەی شوێنەكانی قومار دەرنەكراوە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە 2015دا بڕیاری داخستنی ئەو شوێنانەی دەركردووە کە قوماریان تێدا دەکرێت.

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، كە هەرێمی كوردستانیش كاری پێدەكات، قوماركردن قەدەغەیە و سزای لەسەرە، هەر شوێنێك بۆ یاری قومار بەكاربهێنرێت خاوەنەكەی بە زیندانی تا ساڵێك و غەرامەکردن حوكمدەدرێت و هەر كەسێك قومار بكات بە لانیكەم مانگێك حوكم دەدرێت.

هەر یارییەك لەسەر پارە و دەسكەوتی ماڵیی بێت دەچێتە چوارچێوەی قومارەوە، ئەو جۆرە یارییانە دەستی ئەلیكترۆنیشیان هەیە و لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن، بە تایبەت لە دهۆك، دومبەڵە لە هەمووی زیاترە كە یارییەكی ژمارەییە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەرەگراف، چەند کەسێک لە دهۆک بەهۆی قومارەوە مایەپوچ بوون و شیرازەی خێزانییان تێکچووە، بەشێک لەو قومارچییانە ئالوودەی یارییەکانی قومار بوون و دوای لەدەستدانی پارەو خێزانەکانیان، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی گرانبەهاشیان لە قوماردا دۆڕاندووەو، سەرباری ئەوانەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون و ماوەیەکیان لە زیندانەکاندا بەسەربردووە.