نماو چیای نەوشیروان مستەفا سەردانی بەرهەم ساڵح دەكەن

11-05-2020 08:59

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

هاوكات لەگەڵ سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ هاوینەهەواری مێرگەپان‌و دیداری لەگەڵ بەرهەم ساڵح، نماو چیای نەوشیروان مستەفاش چوونەتە مێرگەپان‌و چاویان بە سەرۆك كۆماری عێراق كەوتووە.

سەرچاوەیەك كە ئاگاداری سەردانەكەیە بۆ پەرەگراف وتی "نماو چیای كاك نەوشیروان ئەمڕۆ سەردانی بەرهەم ساڵحیان كردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، سەردانەكەی نماو چیا "دۆستانە" بووەو كەمتر سیاسی بووەو "باسی شتی گشتیی كراوە".

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی‌و ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری مێرگەپان پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی نێوانیان، لە دیدارەكەدا باسیان لە پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق كردووەو هەردوولا بە گرنگییەوە جەختیان لە پێویستیی چارەسەركردنی قەیران و ناكۆكییەكان كردووەتەوە بە ئاڕاستەی هێنانەكایەی ئارامی و ئاوڕدانەوە لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی سەرجەم ناوچەكان بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

نێچیرڤان بارزانی‌و بەرهەم ساڵح بە بایەخەوە باسیان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی كردووە، "داكۆكییان لە پشتیوانی و هەماهەنگی لەگەڵ حكو‌مەتی فیدراڵدا كردەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و كاركردن بۆ دابینكردنی گوزەران و تەندروستیی هاووڵاتیان، هەروا لەپێناو تێكشكاندنی پاشماوەكانی تیرۆر و سەقامگیریی ئەمنی لە هەموو ناوچەكانی عیراقدا، وێڕای چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان به ‌گوێرەی دەستوور، بەتایبەتیش یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە و مووچەی فەرانبەران".

كۆبوونەوەكەی بەرهەم ساڵح‌و نێچیرڤان بارزانی لەكاتێكدایە نێوانی پارتی‌و یەكێتی بە دۆخێكی گرژیی‌و ئاڵۆزییدا تێدەپەڕێت‌و كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان هەردوو حیزب لە بارەی كێشەكانی نێوانیان بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.

"له ‌تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا هەردوولا جەختیان لە یەكڕیزی و تەبایی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، بە جۆرێك هەموو لایەنەكان دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، تواناكانیان بۆ بەدەنگەوەهاتنی پێویستیی هاووڵاتیان و دابینكردنی بژێویان و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، تەرخان بكەن" ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی بەرهەم ساڵح‌و نێچیرڤان بارزانی وادەڵێت.