حکومەتی ھەرێم: سیستمی پریپەید بۆ ھەموو شارەکان دابین دەکەین و بەوەش کارەبا دەبێت بە ٢٤ کاتژمێر

28-06-2023 08:26

پەرەگراف

فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، وەزارەتی کارەبا بەمەبەستی دابینکردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتییان، دەیەوێت سیستمی پریپەید بۆ شارەکان دابین بکات و ئەو شوێنانەی ئێستا کارەبایان کراوەتە ئەو سیستمە، ٢٤ کاتژمێر کارەبایان هەیە.

بەپێی ئەو سیستمە کارەبا دەبێت بە وەحدەو ھاوڵاتییان لە پێشدا پارە دەدەن بۆ دەسکەوتنی وزەی کارەبا ئەوەش لەڕێی کڕینی کارتەوە.

‏‎"بە پریپەیدكردنی كارەبای نیشتمانی، جگەلەوەی كارەبایەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات، لەو شوێنانەی سیستەمەكە جێگیركراوە، لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی ٥٠٪ کەمبووەتەوە و کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و ڕووناکیی شەقامەکان دابین کراوە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم سیستمەی کارەبا، دەتوانێت بارزۆری و کێشەی ڤۆڵتیە بەتەواوی چارەسەر بکات" فەرمانگەکە وادەڵێت.

‏‎ئەوەش دەخاتەڕوو، سیستەمی پریپەید، جگە لە ژینگەیەكی پاك و كارەبایەكی باش و بەردەوام، بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی بەهۆی نەهێشتنی دوو سەرچاوەی پێدانی کارەبا کەمتر كردووەتەوە، "لەو شوێنانەی سیستەمەكەیان بۆ بەستراوە، سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی راستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیار کەوتوون".

ئەوە لەکاتێکدایە ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەوەش ٩٢٪ـى هاوبەشان پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستمی پریپەید.