وەزارەتی دەرەوەی سوید: بە قووڵیی نیگەرانین لە سووتاندنی قورئان

30-06-2023 05:23

پەرەگراف

وەزارەتی دەرەوەی سوید لە نامەیەکدا بۆ وڵاتانی ئیسلامیی "نیگەرانیی قووڵ" دەردەبڕێت لە سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە وڵاتەکەیان.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند، لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیانەوە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید پەیامی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیان پێگەیشتووە کە ئاراستەی سەرۆکی نێردەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کراوە لەبارەی سوکایەتیپێکردن بە قورئانی پیرۆز، "تێیدا نیگەرانیی قووڵی دەربڕیوە لەبارەی رووداوەکەی رۆژی چوارشەممە لە بەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم".

وەزارەتی دەرەوەی سوید جەختی لەوە کردووەتەوە، حکومەتی سوید بەتووندی دژایەتی ئەو جۆرە کارانە دەکات کە دژایەتی ئیسلام دەکات وپشتیوانی یان چاوپۆشی لەو بۆچوونانە ناکات کە دژایەتی ئیسلام دەکەن کە ئەو کەسە لەو رووداوەدا کردوویەتی.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بەپێی یاسای تاوانەکانی رقەبەرایەتیی لە سوید، لەگەڵ ئەوەی کەمافی دەستووریی هەیە لە ئازادی گردبوونەوە و رادەربڕین و خۆپیشاندان، وەزارەتی دەرەوەی سویدیش بۆچوونی خۆی لەوبارەیەوە بە پۆلیسی وڵاتەکەی گەیاندووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت، بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونەکانی بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لە بایەخی وەڵامدانەوەی سوید بۆ داواکاریی حکومەتی عێراق لەبارەی رادەستکردنی بکەری ئەو "کارە قێزەونە" بۆ ئەوەی بەپێی یاسای عێراق سزای خۆی وەربگرێت. 

لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوید، قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوەو لە بەغداد خۆپیشاندان ئەنجامدراو چوونەسەر باڵیۆزخانەی سوید، بڕیارە ئەمڕۆش لەسەر داوای سەدر خۆپیشاندانی ملیۆنیی لە بەغداد بۆ ئیدانەی ئەوکارە ئەنجام بدرێت.