دوای ساڵێك لە بۆردوومانەكەی توركیا، سەیرانگای پەرەخێی كرایەوە، بەڵام سەردانى گەشتیار بۆى زۆر کەمى کردووە

01-07-2023 08:17

پەرەگراف

نزیكەی دوو حەفتەیە سەیرانگای پەرەخێی كە دەكەوێتە سنووری ناحیەی دەركار، دووبارە بە ڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوە، ئەوەش دوای داخستنی بۆ ماوەی نزیكەی ساڵێك بەهۆی بۆردوومانكردنی لەلایەن توركیاوە. خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكان دەڵێن "هەرچەندە مەترسیی ئەمنی نەماوە، سەدانی گەشتیار زۆر كەمی كردووە".

ڕۆژی 22ی تەمووزی 2022، توركیا بە چەند مووشەكێك سەیرانگای گوندی پەرەخێی لە ناحیەی دەركاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، كردە ئامانج و بەهۆیەوە نۆ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا، هەروەها 22 هاووڵاتیی دیكە بریندار بوون. قوربانیانی ئەو ڕووداوە هەموویان گەشتیاری عەرەب بوون و لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ڕوویان لەو سەیرانگایە كردبوو.

بێوار سندی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ، بە پەرەگرافـی وت "دوو هەفتەیە دووبارە سەیرانگای گوندی پەرەخێی كراوەتەوە، ناوچەكە ئێستا ئارامە و هیچ كێشەی ئەمنیی تیادا نەماوە".

بێوار سندی وتیشی "ئێمە وەكوو بەڕێوەبرایەتیی گەشتوگوزاری زاخۆ حەز ناكەین گەشتیاران عەرەب ڕوو لە سەیرانگای پەرەخێی بكەن و ڕیكلامیش بۆ ئەو شوێنەیە ناكەین، چونكە هیچ خاڵێكی سەربازیی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو گوندە جێگیر نەكراوە، تەنها لە هاوینەهەواری شەرانش و ئەشكەوتی بێهیری هەیە كە ئەو دوو شوێنەیەش دەكەونە سنووری ناحیەی دەركار".

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە 25 شوێنی گەشتیاری هەن و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیكەی 95 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سنووری ئیدارەكە كردووە".

لەبارەی ئەوەی لە بەرنامەدا هەیە خاڵێكی سەربازی لە گوندی پەرەخێی دابنرێت، بەرپرسی ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ بۆ پەرەگراف وتی "بەڵێ، لە بەرنامەدا هەیە خاڵێكی سەربازی لەو گوندەیە دابنرێت، ئەوەش تا زیاتر ئەمنیەتی ناوچەكە پارێزراو و بێ كێشە بێت. ئێمە ڕێگری لە هیچ گەشتیارێك ناكەین كە سەردانی هاوینەهەواری پەرەخێی یان هەر شوێنێكی تری زاخۆ بكات، گەشتیارەكان ئازادن".

"لە سنووری ناحیەی دەركار، سێ هاوینەهەواری زۆر گرنگ و خۆشمان هەیە، ئەوانیش هاوینەهەواری گوندی پەرەخێی، شەرانش و ئەشكەوتی بیهێری، تەنها لەم مانگەدا زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار سەردانی ئەم سێ شوێنەیان كردووە"، بێوار سندی وای وت.

هەرچەندە توركیا ڕەتی كردەوە كە بۆردوومانی سەیرانگاگی گوندی پەرەخێی لەلایەن ئەوانە كرابێت، بەڵام لێكۆڵینەوەكانی حكومەتی عێراق دەری خست كە تۆ پخانەكانی توركیا بۆردوومانەكەیان ئەنجام داوە.

مەسعود عەلی تەتەر، خاوەنی شوێنێكی گەشتیارییە لە گوندی پەرەخێی، پارساڵ بەهۆی ڕووداوەكەوە زیانی زۆر بەركەوتووە. ئەو بە پەرەگرافـی وت "لەم مانگەدا جارێكی تر هاوینەهەوارەكە بە فەرمی كراوەتەوە، بەڵام هاتنی گەشتیاران بۆ گوندەكە یەكجار كەمە، هەرچەندە ناوچەكە لە ڕووی ئەمنییەوە هیچ كێشەیەكی نییە، ماوەیەكی زۆریشە سنووری گوندەكەكە بۆردوومان نەكراوە".

"داواكاریمان ئەوەیە گەشتوگوزاری زاخۆ زیاتر هاوكاریمان بكات و دڵنیایی تەواو بداتە گەشتیاران كە هیچ كێشەیەكی ئەمنی لە سنوورەكە نەماوە و دەتوانن سەردانی گوندی پەرەخێی بكەن"، مەسعود عەلی تەتەر وای وت.