ئاماری کوشتارگەکان؛ لە سلێمانی ١٠٥ ھەزار کیلۆ و لە ھەولێر ١١٨ ھەزار کیلۆ گۆشت کراون بە قوربانیی
پەرەگراف
لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا لە کوشتارگەی ھەولێر ١١٨ ھەزا کیلۆ گۆشت و لە سلێمانی ١٠٥ ھەزار کیلۆ دراونەتەوە بەو کەسانەی ئاژەڵیان سەربڕیوە بۆ قوربانیکردن، ئەوە جگە لەو ھاووڵاتییانەی لە دەرەوەی کوشتارگەکان ئاژەڵیان سەربڕیوە.
بهڕێوهبهرایهتی گۆشتگهی هاوچهرخی ههولێر، ڕایگەیاند، له جهژنی قوربانی ئهمساڵدا، 513 سهر ئاژهڵی گهوره و 1359 سهر ئاژهڵی بچووك سەربڕاون و به كۆی 118000 كیلۆگرام گۆشت كراوهته قوربانیی، 2026 كیلۆگرام گۆشتیش رهتكراونەتەوە بەھۆی نەشیاویی گۆشتەکەیان.
ئامارەکەی ئەمساڵی ھەولێر کەمترە لە ساڵی ڕابردوو، بەو پێیەی جەژنی قوربانی پار 623 ئاژهڵی گهوره و 2852 ئاژهڵی بچووك به بڕی179000 كیلۆگرام گۆشت كرابوو بە قوربانیی و 3432 كیلۆگرام گۆشتیش رهتكرابووەوە.
ھاوکات بەپێی ئاماری کوشتارگەی سلێمانی، لەماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا، ١٠٥ تۆن و ٣٥٠ کیلۆ گۆشت ڕادەستی هاووڵاتیان کراوەتەوە.
ھەروەھا نزیکەی ٣ تۆن گۆشت ڕەتکراونەتەوە کە لەڕوی تەندروستییەوە شیاو نەبوون بۆ خواردن و نزیکەی ٥٠ سەر ئاژەڵیش بەزیندووییڕەتکراونەتەوە کە هەڵگری مشەخۆری دەرەکی(گەنە) بوون کە گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسی نەیرۆیان لێکراوە کە هۆکاری نەخۆشیی تایخوێنبەربوونە.
نەخۆشیی تای خوێنبەربوون پەتایەكی كوشندەیە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو ژمارەیەك حاڵەتی تووشبوون لە هەرێم تۆمار كراوە و پێنج تووشبوویان گیانیان لەدەست داوە.
وەزارەتی تەندروستی لە نۆ خاڵدا ڕێنمایی هاووڵاتیان و قەسابەكانی کرد كە "سەربڕینی ئاژەڵ تەنیا لە شوێنی ڕێپێدراو بێت، لەبەركردنی جلوبەرگی تایبەت و دەستكێش لە كاتی مامەڵە و سەربڕینی ئاژەڵ و دواتر پاككردنەوەی شوێنەكەی بە گیراوەی تایبەت".