ئاسایشی سلێمانی: زیندانییەکی هەڵاتوو دوای روبەڕوبوونەوە دەستگیر کرا

02-07-2023 01:49

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، زیندانییەکی هەڵاتوو دوای روبەڕوبوونەوە لەگەڵ هێزەکانیان دەستگیر کراوە کە بازرگانی ماددەی هۆشبەرە.

ئاسایش دەڵێت "بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەهاوکاری ئاسایشی سلێمانی، تۆمەتبارێکی هەڵهاتووی بازرگانی ماددەی هۆشبەر، دوای ڕووبەڕوبونەوە لە شاری سلێمانی دەستگیرکرد".

"دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی شاری خانەقین زانیارییان پێداین لەسەر هەڵهاتنی تۆمەتبارێک لە زیندانی پۆلیسی خانەقین، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هێزەکانی ئاسایش دوای بەدەستخستنی زانیاری وورد و بەدواداچوون توانرا شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبار دەستنیشان بکرێت و بەکەمتر لە (٢٤) کاتژمێر دوای ڕووبەڕوبونەوە لەگەڵ هێزەکانمان توانرا بە برینداری دەستگیربکرێت".

ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت "لە ئێستادا تۆمەتبار لەسەر فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و پاش تەواوبونی ڕێکارە یاساییەکان، ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێتەوە".